کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانەکان لە دەرەوەی وڵات درێژەی هەیە

17:29 - 12 گەلاوێژ 2721

لەسەر بانگەوازی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ پشتگیری لە خۆپیشاندانەکانی ئەحواز، ئێران و کوردستان، کۆمیتەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکرات لە ئەنجامدانی چالاکی زیاتر و بەردەوام دان .

ڕۆژی هەینی ٨ی گەلاوێژ کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە درێژەی ئەنجامدانی چالاکییەکانی بۆ پشتگیری لە خۆپیشاندانەکانی نێوخۆی وڵات، کۆبوونەوەیەکی بە هاوکاریی ناوەندی چالاکانی ڕێگای ئازادی ئێران" تلاشگران راه آزادی" لەبەردەم کۆنسولگەریی ڕێژێمی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هامبورگ بەڕێوە برد.

لە کۆبوونەوەکەدا پەیامی چەندین لایەنی ئێرانی و کوردستانی خوێندرانەوە و "شەهریار نەقشبەندی" بەرپرسی ڕێکخستنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەرێمی ئورووپا لەوبارەیەوە قسەی کرد.

"نەقشبەندی" لە قسەکانیدا وێرای ئاوڕدانەوە لە "مێژووی کۆماری تێرۆریستی ئیسلامیی ئێران لە ماوەی دەسەڵاتداریەتیدا، ڕەخنەی لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیش گرت کە بە شێوەی پێوست لە بەربەرەکانێ دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران چالاک و یەکگرتوو نەبوونه و بەتایبەتیش لە هەمبەر خەباتی ڕەوای گەلی کورد و باقی نەتەوەکانی دیکەی ئێران بە گوێرەی پێویست هەڵوێستیان نەبووە".

 ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند: "گەلی کورد بە گشتی و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەتابەتی تەنیا یەک لایەن بە دوژمنی خۆی و گەلانی ئێران دەزانێ کە ئەویش کۆماری تێرۆریستی ئیسلامیی ئێرانە و هەربۆیەش پشتگیری و پاڵپشی هەموو ئەو ئازادیخوازانەین کە لە ڕاستای بەربەرەکانێ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران و هێنانەدی دێموکراسی خەبات دەکەن و بە درێژایی دەسەڵاتداریەتی ئەو ڕێژیمەش قورس و قاییم لە بەرانبەریدا ڕاوەستاوین و هەر ئێستا کە ئێمە لێرە کۆبووینەوە، پێشمەرگە قارەمانەکان و ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی گەلی کورد لە سەرتاسەری کوردستان حزووریان هەیە و درێژە بە خەبات و بەربەرەکانی دەدەن و داوا لە هەموو لایەکیش دەکەین ڕیزەکانی خۆیان یەکگرتووتر و خەبات بۆ ئازادی و سەقامگیرکردنی دێموکراسی لە ئێران چڕتر بکەنەوە".

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پشتیوانی بۆ سەرجەم نەتەوەکانی ئێران و بەتایبەتیش خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئەحواز و باقی شارەکانی دیکەی ئێران دەربڕی.