کوردستان میدیا: خۆپیشاندانەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات ئەمڕۆش بەردەوام بووە و ڕێژەی شەهیدان و بریندارانی مەریوان بەرز بووەتەوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی ۲۸ی خەزەڵوەر، خۆپیشاندانەکان لە کوردستان بەردەوام بووە و لە مەریوان چەندین شەهید و برینداریش هەیە.
لە درێژەی خۆپیشاندەکانی ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات، دۆخی مەریوان زۆر ئاڵۆز ڕاگەیەندراوە و هەواڵەکان باس لە دەرگیریی نێوان خەڵک و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەکەن.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، ڕێژەی شەهیدان و برینداران بەرز بووەتەوە و لە هەمان کاتدا چەندین بانک و ناوەندی سەر بە ڕێژیم لەلایەن خەڵکەوە سووتێندراون.
لە دەرگیریی نێوان سەرکوتکەران و ناڕازییاندا، چەندین چەکیش دەستی خەڵک کەوتووە و خۆپیشاندانەکان تا دەڕوات توندتر دەبێتەوە.
بەپێی هەواڵی هەواڵنێری کوردستان میدیا لە مەریوانەوە، سەرهەنگ "عەلیڕەزا سەفەری"، ڕەئیسی هێزە بەناو ئینتزامییەکانی ڕێژیم لە مەریوان، بەرپرسی سەرکوت و کوشتنی خەڵکی ناڕازییە.
تا ئێستا شوناسی شەهیدانی نوێی خرۆشانی خەڵک لە مەریوان، بۆ ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕوون نەبووەتەوە.