کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپێشاندانێک دژی جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران لە فینلاند بەڕێوە چوو

17:59 - 26 خەرمانان 2721

ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە خۆپیشاندان، دژی جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران لە "فینلاند" بەشدارییان کردووە.

ڕۆژی پێنج‌شەممە، رێکەوتی ٢٥ی خەرمانان، لەسەر داوای ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە "فینلاند"، بە مەبەستی مەحکوومکردنی هێرشی سپای تێرۆریستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بارەگای پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات لە کوردستانی باشوور، ڕێپێوانێکی هێمنانەیان لەبەردەم وەزارەتی دەرەوەی "فینلاند و نوێنەرایەتیی کۆمیسیۆنی یەکیەتیی ئورووپا" لە "هێلسینکی" بەڕێوە بردووە.

لەو ڕێپوانەدا بەشێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تێیدا ئامادە بوونە.

 بەشداربووان لەبەردەم وەزارەتی دەرەوەی "فینلاند" کۆ بوونەتەوە و پاشان ئامادەبووان بە مەبەستی گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتی ‌و داخوازی خۆیان بە دەوڵەتی "فینلاند" هەیئەتێک لە نوێنەرانی خۆپیشاندەران سەردانی وەزارەتی دەرەوەی "فینلاند"یان کردووە.

پاش کۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی فینلاند،"فایەق مەسعوودی" یەکێک لە نوێنەرانی خۆپیشاندەران، بە کورتی لەسەر ئەم دیدارە بۆ بەشداران دواوە.

پاش گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتیی خۆپیشاندەران بە وەزارەتی دەرەوەی "فینلاند"، خۆپێشاندەران درێژەیان بە ڕێپوانەکەیان داوە و لەبەردەم نوێنەرایەتیی کۆمیسیۆنی یەکیەتیی "ئورووپا" لە "هێلسینکی" کۆ بوونەتەوە.

لە درێژەی ئەم کۆبوونەوەیەدا، پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەلایەن سەید "ئەحمەد حوسێنی‌" خوێندرایەوە و لەو پەیامەدا هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان مەحکووم کراوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەم کۆبوونەوەیەدا، "کەریم حەبیبی" بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە "فینلاند" چەند وتەیەکی پێشکەش بە بەشداربووان کردووە.

ناوبراو لە وتەکانیدا، ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشی سپای جینایەتکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر خاکی کوردستانی باشوور ، پێشێلکارییەکی زەقە و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.

 "حەبیبی" باسی لەوە کردووە کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بیانوویە و ڕێژیمی ئێران ئامادە نییە ئەو ڕاستییە قەبووڵ بکات کە هەرێمی باشووری کوردستان ئەمنییەت ‌و سەقامگیریی تێدا هەبێت ‌و ئامانجی سەرەکیی ڕێژیمی ئێران، تێکدانی ژینگە و ئاسایش ‌و تەناهیی کوردستانی باشووره.

لە کۆتاییدا، نوێنەرانی خۆپیشاندەران، پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانیان بە نووسراوە گەیاندووەتەوە دەستی نوێنەری کۆمیسیۆنی "ئورووپا".