کەریم پەرویزی
سیاسەت لە مێژوو و رەوتی بەرەوپێشچوون یان شکستی نەتەوە و گەلانی جیهاندا، پێناسە و سیمای جۆربەجۆری بە خۆوە گرتووە و لە قۆناخی جیاوازی مێژووییدا بەپێی دۆخ و خوێندنەوەکان پێناسە و لێکدانەوەی جیاوازیان بۆ چەمکی سیاسەت هەبووە.
لە مێژووی ئێران و بەتایبەت مێژووی هاوچەرخیشدا، نەتەوەکانی نێو جوغرافیای ئێران بە جۆرێک لەگەڵ چەمکی سیاسەت بەرەوڕوو بوون کە لە دەیەکانی رابردوودا سیاسەت لای نەتەوەکانی ئێران، وەکوو چەمکێک بۆ درۆکردن و فێڵ لە یەکدی کردن بەکار هاتووە و ئەوەش پاشخانی مێژوویی خۆی هەیە کە هەم لە ئەدەبیاتی کۆنی فارسیدا سیاسەتباز بە کەسێکی فرتوفێڵاوی ناوبراوە و سیاسەت لای حاکمان بریتی بووە لە بەکارهێنانی مرۆڤەکان و دوایە فڕێدانیان! لە سەدەی رابردووشدا لە دەرباری قاجار و پاڵەویدا فرتوفێڵەکانی رووس و ئینگلیس دیارن و بەناوبانگ و بۆیە سیاسەت لە ئێراندا بۆتە درۆکردن و فێڵبازی!
بەڵام لە پێناسەی زانستی و بە دیدێکی رێئالەوە، سیاسەت بریتییە لە کەڵک وەرگرتن لە هەموو ئیمکان و تواناکان بۆ وەدەستخستنی بەرژەوەندیی گشتی و پێشڤەچوونی کۆمەڵگا. هەربۆیەشە کە دەوڵەتان وەکوو ئەکتەرەکانی گۆڕەپانی سیاسەت، هەوڵی وەدەستخستنی زۆرترین بەرژەوەندی بۆ وڵاتی خۆیان دەدەن.
بەڵام سیاسەت لە دیدێکی عاتفی و ئیدئۆلۆژیکەوە بریتییە لە دەروەستی بەرامبەر بە ئیدەیەک و زۆرتر لە روانگەی هەست و دەروەستی و پێبەندییە ئیدئۆلۆژیکەکانەوە چاوی لێ دەکرێ. هەربۆیەشە کە هێزی کوردی لە رەوت و قۆناخی مێژووییدا زۆرجار هەستی کردووە کە دەوڵەتان خەیانەتیان پێ کردووە!
خەیانەت لە عاتفە و پێوەندییەکی هەستەکی یان ئیدئۆلۆژیکدا دێتە کایەوە، لە روانگەیەکی رێئال و هاوسەنگیی هێز و ئاڵووێری دەسکەوت و بەرژەوەندیدا ئیدی شتێک بەناو خەیانەت بوونی نییە، ئەوە تۆی کە بەرژەوەندییەکانی خۆت چاک تەشخیس دەدەی یان بەرژەوەندییەکانی نەتەوە و نیشتمانەکەت دەکەیتە قوربانیی پێوەندییەکی عاتفی یان ئیدئۆلۆژیک!
لەم گۆشەنیگایەوە، ئیدی باسکردن لە خەیانەت و هەست بە خەیانەتکردن وخەیانەت لێکراوی! بەجۆرێک لە جۆرەکان ئێعترافە بە نەزانی و تێنەگەیشتوویی لە جیهانی ئاڵۆزی دابینکردنی ئیمکانات بۆ نەتەوە و نیشتمانی خۆت!
لە مێژووی دوور و نزیکی کورددا زۆر جار هەبووە کە هێز و بزووتنەوەی کوردستان ئەوەندەی وەدوای بەرژەوەندیی خەباتەکەی خۆیانەوە بوون، نەگەیشتووەتە یەک لە سەدی ئەوەندەی هەوڵیان داوە پێبەندییان بە ئیدئۆلۆژی یان پێوەندییەکی عاتفی لەگەڵ دیتران بسەلمێنن.
زۆرجار هەوڵمان داوە کە بیسەلمێنین پێڕەوێکی باش و بێخەوشی سوڵتانی قاجار و پاڵەوی و وەلیی فەقیهی و سوڵتانی عوسمانی و دەوڵەتی رووس و مەلەکەی بریتانیا و پاشای عەرەبستان و ئیدۆلۆژیی مارکسیزم و فڵانە ئایین و ئیدئۆلۆژیی دیکە بووین، یەک لە هەزاری ئەوەندەش هەوڵمان نەداوە نیشتمانەکەمان بونیات بنێین، جا دوایە هەرکەس پێڕەوی چ ئیدە و ئیدئۆلۆژییەکە با ببێ! هەر بۆیە چەمکی "خەیانەتمان لێ کراوە" بەردەوام لە مێژووی کوردستان بە گشتی دووپات دەبێتەوە.
پێویستە کە باشتر لە دونیا تێ بگەین وهەوڵ بدەین کە نیشتمانمان بونیات بنێینەوە.