کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادگاکانی ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا حوکمی ئێعدام جێبەجێ دەکەن

13:25 - 13 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: حوکمی لە سێدارەدانی دوو زیندانیی سیاسیی کورد خەڵکی شاری سنە، لەسەر بڕیاری سەرۆکی پێشووی دادگای ئینقلابی ئەو شارە، لە ماوەی کەمتر لە ٤٨ کاتژمێردا  بەڕێوەچووە.

 ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە حوکمی ئێعدامی دوو زیندانیی سیاسیی کورد، بە ناوەکانی "نادر و کەیوومەرس محەممەدی" خەڵکی گوندی "شیان" لەسەر بڕیاری حەسەن بابایی، سەرۆکی پێشووی دادگای ئینقلابی شاری سنە، لە ماوەی ٤٨ کاتژمێدا، جێبەجێ کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دادگوستەریی سنە باسی لەوە کردووە: "بەکارهێنانی هێز و فشاری دوور لە یاسای قەزایی دادوەرێک کە سەرەڕای ئەوەیکە خەتایەکی ئینتزامییە، دەستێوەردان لە قۆناغەکانی بەدواداچوون هەتا بڕینەوەی حوکم و جێبەجێ کردنی بڕیار لە دۆسیەی تاوانبارانی سیاسیدایە، کە حەسەن بابایی لە کاتی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەی نادر و کەیوومەرس محەممەدی لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات بە تۆمەتی کوشتنی ناسر بیگلەری سەرهەنگی خانەنشینکراوی سپای پاسداران، ڕووی داوە."

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "حەسەن بابایی هاوکار لە کۆبوونەوەی شۆرای قەزایی پارێزگا بە شانازییەوە باسی لەوە کردووە لە کەمترین ماوەدا، بە بێ لێکۆڵینەوە، ئامادەکاریی بڕینەوەی حوکمی لە سێدارەدانی نابراوانی کردووە کە هەتا کاتی لە سێدارەدانیان لە بەردەست ئیتلاعاتی سپای پاسداران بوون و تەنانەت لە بوونی پارێزەریش بێبەری بوون ."

 ناوبراو هەروەها گوتوویەتی: "من بۆ خۆم دۆسیەکەی نادر و کەیوومەرسم بردووەتە دیوانی باڵای وڵات و مۆری ئەو بڕیارەم وەرگرتووە و لە کەمتر لە ٤٨ کاتژمێردا ئەو بڕیاڕە جێبەجێ کراوە."

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو دوو زیندانییە سیاسیە کوردە، هەتا کاتی جێبەجێ کردنی حوکمی لە سێدارەدانەکەیان لە قەرارگای شارامفەری  سپای پاسداران لە شاری سنە، بوون."

نادر و کەیوومەرس محەممەدی، ڕێکەوتی ٢٩ی ڕێبەندانی ساڵی ٨٥، لە شاری سنە، لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و بۆ قەرارگای شارامفەر لەو شارە ڕاگوێزرابوون.

١٣ی گەلاوێژی ساڵی ٩٦، لقی دووی دادگای ئینقلابی ئیسلامی شاری سنە، ئەم دوو زیندانییە سیاسییە کوردەی بە تۆمەتی "موحاربە لە ڕێگای هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی و ئەندامبوون لە حێزبی دێموکرات و تێرۆری کەسانی وەفادار بە نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران" بە ئێعدام مەحکووم کردووە و دواتر ئەم بڕیارە لە لایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە، پشتڕاست کراوەتەوە.

هەواڵی لە سێدارەدانی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە، ڕێکەوتی ٢٥ گەلاوێژی ساڵی ٨٦، لە لایەن "بی بی سی" و لە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەزبەری هەمان ساڵدا لە کوردستان میدیا، ماڵپەڕی فەرمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیراندا بڵاو کرابووە.