کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانمارک؛ پارتی لیستی هاوپەیمانی چالاکییەکی لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دانمارک بەڕێوە برد

12:56 - 10 جۆزەردان 2722

ڕۆژی یەکشەممە ٨ی جۆزردان پارتی لیستی ھاوپەیمانی، لەژێر ناوی کوردستانێکی ئازاد، چالاکییەکی بۆ "ئەندامانی پارتی هاوپەیمانی، ڕێکخراوە سێنفییەکان، پارتە سیاسییەکانی کوردستان و دڵسۆزانی دۆزی کورد" بەڕێوە برد.

سەرەتای چالاکییەکە بە خواردنی کوردی دەستی پێ کرد و پاشان "نیکۆلای ڤیلوومسن" ئەندام پارلمانی ئەو پارتە لە یەکیەتیی ئورووپا، باسێکی لەسەر سیاسەتی پارتەکەیان لەھەمبەر دۆزی کورد، کار و چالاکییەکانی ناوبراو لە پارلمانی ئورووپا  بۆ پرسی کورد پێشکەش کرد.

ناوبراو لە باسەکەیدا ئاماژەی بە گرینگیی یەکگرتوویی گەلی کورد دا، تا بتوانن بەم شێوەیە باشتر پاڵپشتی لە دۆزی کورد بکەن.

دواتر "ھەژار دەشتی" بەرپرسی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی كوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک، لەسەر ڕۆژھەڵاتی کوردستان، نەھامەتییەکانی گەلی کورد لەو پارچەیەی کوردستان و سیاسەت و خەباتی حیزبی دێموکرات بۆ ئامادەبووان دوا.

ناوبراو لە باسەکەیدا بە ئامار و داتا، تیشکی خستە سەر کێشە پەیوەندیدارەکانی کۆمەڵگەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ڕۆڵی تێکدەرانە و تێرۆریستانەی ڕێژیمی ئاخوندی لە ڕۆژھەڵاتی ناوین و وڵاتانی ڕۆژاوا.

لە کۆتاییدا لەلایەن نوێنەری ڕێکخراوێکی تایبەت بە ئافرەتانی کوردەوە باسێک پێشکەش کرا و تیشک خرایە سەر ڕۆڵی وڵاتی دانمارک لە یارمەتیدانی پەنابەران.