کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داوای ١٨ ساڵ زیندان بۆ ئەحمەد تورک کرا

22:27 - 10 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: ئەحمەد تورک سیاسەتمەداری کورد، بە تۆمەتی چالاکی لە ڕاستای سیاسەتەکانی پ.ک.ک، لە لایەن سەردۆزگەری (دادستان) ئامەدەوە ١٨ ساڵ زیندانی بۆ داوا کرا.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، سەردۆزگەری دەوڵەتی تورکیە لە شاری ئامەد، لە دۆسیەیەکی ٤٤ لاپەڕەیی‏دا، دژی ئەحمەد تورک سیاسەتمەدار و شارەداری شاری ماردین، لە دادگای جەزیرە داوای ١٨ساڵ زیندانیی بۆ ناوبراو کرد.

لەو دۆسیە ٤٤ لاپەڕەییەدا، سەردوزگەری شاری ئامەد، تۆمەتگەڵێکی وەک ئەندامبوون لە حیزبی کرێکارانی کوردستان(پ.ک.ک)، ئەندامیەتی هەیئەتی دیوانی دادپەروەریی سەر بە پ.ک.ک، و دامەزراندنی پێکهاتە ئیدارییەکانی سەر بە پ.ک.ک، لە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیە، دامەزراندنی بەرەی لاوانی نیشتمانپەروەر و شۆڕشگێر سەر بە پ.ک.ک، و ڕێکخستنیان لە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیە، وەپاڵ ئەحمەد تورک دراوە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە، ئەحمەد تورک لە دەیەی ٨٠ و ٩٠ی زایینی، لەگەڵ تۆمەتگەڵێکی هاوچەشن بەرەوڕوو ببووە و بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە زیندانی تورکیەدا بووە.