کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو كاراتەكاری بۆكانی مداڵی زێڕی ركەبەرییە جیهانییەكانیان بەدەست هێنا

16:12 - 17 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: دوو وەرزشوانی بۆكانی لەكێبڕكێیە جیهانییەكانی ساڵی ٢٠١٣‌ی وڵاتی توركیە سەركەوتنیان بەدەست هێنا.

جەماڵ حوسێن زادە و ئەیوب فەهمیی دوو وەرزشوانی رشتەی كیك جیستو توانیان بە سەر بەرامبەرەكانیان كە لەوڵاتانی رووسیە و ئازەربایجانەوە بەشدار بوون، سەربكەون و مداڵی زێڕ بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن.

ئەو ركەبەرییە شەوی یەكشەممە رێكەوتی ١٦ی پووشپەڕ لەوڵاتی توركیە بەڕێوە چوو. ئەیوب فەهیمی بێجگە لەبەدەستهێنانی پلەی یەكەم، لەبواری تكنیكیترین وەرزشوانیش (فایتر) پلەی یەكەمی بەدەست هێناوە.

لەو پێوەندییەدا ماڵپەڕی زریان بڵاوی كردەوە، ئەو ركەبەرییە بە بەشداری ژمارەیەكی بەرچاوی كاراتەكار لە ١٥ وڵاتی جیهانەوە بەڕێوە چوو.

جەماڵ حوسێن زادە و ئەیوب فەهیمی ئەو پلە و مداڵەی كە بەدەستیان هێناوە، پێشكەش بە هاووڵاتیانی شاری بۆكانیان كردووە.

لەلایەكی دیكەوە چەند رۆژ لەمەوبەر كوڕ و كچە وەرزشكارێكی كوردی خەڵكی شاری جوانڕۆ بەناوەكانی مێهران رۆستەمی و ماریا قادر نژاد توانیان بگەنە یارییە ئاسیاییەكانی وڵاتی فیلیپین.