کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو برای بەلووچ بەتەقەی هێزە ئیتلاعاتییەكانی رێژیمی ئێران كوژران و بریندار كران

16:07 - 20 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: لەئەنجامی هێرشی هێزەكانی ئیتلاعات بۆ سەر بنەماڵەیەكی بەلووچ لەشاری مەشهەد، دوو برا كوژران و بریندار كران.
چەند رۆژ لەمەوبەر هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات لەشاری مەشهەد بەبێ‌هیچ هۆیەكی روون تەقەیان لەبنەماڵەیەكی بەلووچ كردووە و لەئەنجامدا ئەندامێكی ئەو بنەماڵەیە بەناوی ئێحسان ریگی تەمەن ٢٩ ساڵ گیانی لەدەست دا و برایەكی ئێحسانیش بەناوی عادڵ تەمەن ١٩ ساڵ بە هۆی بەركەوتنی گولـلە بەتوندی بریندار بووە.
چالاكانی مافی مرۆڤ و دێمۆكراسی لەئێران بڵاویان كردەوە، عادڵ بە هۆی بەركەوتنی چەند فیشەكێك مەترسیی گیانی لەسەرە و هەنووكە لە نەخۆشخانە لە كما دایە.
سەرچاوەكە ئەوەشی خستۆتە روو، ئێحسان پێشتریش بە هۆی قسەكردن لە كۆڕ و كۆبوونەوەكان بە دژی رێژیمی ئێران لەئوستانی سیستان و بەلووچێستان، بە بەردەوامی گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەكانی لەسەر بوو.

ئەو هاووڵاتییە بەلووچە ماوەیەك لەمەوبەر لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری زاهیدانەوە بانگهێشت و هەڕەشەی لێكرابوو.
لەلایەكی دیكەوە رێكەوتی ١٨‌ی پووشپەڕ شاعیرێكی عەرەب بەناوی سەعید عەمووری لەشاری مەشهەد لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە دەسبەسەر كرابوو.
ئەو شاعیرە خەڵكی ئەهوازە و بەمەبەستی بەشداریی لەكۆڕێكی ئەدەبیداسەردانی شاری مەشهەدی كردبوو.