کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو ئەندامی سپای تیرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە کوژران

14:47 - 17 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: دوو ئەندامی دیکەی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، بەناوەکانی محەممەد زۆهرەوەند و عەبدوڵڵا باقری لە شەڕ و پێکدادانەکانی سووریەدا کوژران.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٧ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی، هەواڵی کوژرانی دوو ئەندامی دیکەی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە ناوەکانی محەممەد زۆهرەوەند و عەبدوڵڵا باقری لە لایەن هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی ڕێژیمەوە بڵاو کرایەوە.

ئەو دوو ئەندامەی سپای پاسدارنی ڕێژیمی ئێران، وەکوو ئەندامی سپا و بەسیجی ڕێژیمی ئیسلامی، لە چوارچێوەی گرووپەکانی وەکوو گوردانی فاتمیوون یان لە ژێر ناوی پارێزەارنی حەرەمی حەزرەتی مەعسوومە لە وڵاتی سووریە بە مەبەستی بەرگری لە ڕێژیمی بەشار ئەسەد، شان بە شانی هێزەکانی ڕێژیمی ئەسەد شەڕ دەکەن.

گوردانی فاتمیوون لە هاووڵاتییانی ئێرانی و ئەفغانی پێکهاتووە و بۆ شەڕ دژی ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیمی ئەسەد نێردراونەتە وڵاتی سووریە.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، هاووڵاتییانی ئەفغانی بە کرێ دەگڕێت و لەگەڵ سپای پاسداران بۆ سووریە بەڕێیان دەکات.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، هەتا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ ئەندامی سپای پاسداران لە سووریە کوژراون، بەڵام سپای پاسدارنی ڕێژیمی ئێران بەردەوام بەشداریی نیزامیی خۆی لە شەڕی سووریەی ڕەت کردووتەوە.