کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دووپاتەی خومەینی

18:56 - 15 رێبەندان 2720

کەریم پەرویزی

ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، کاتێک هەڵبژاردن بۆ مەجلیسی داڕێژەری یاسای بنەڕەتی لە دوای شۆڕشی دزراوی خەڵکانی ئێران کرا، لە پارێزگای ورمێ دوکتور قاسملوو وەکوو نوێنەری کورد و تورکی نیشتەجێی ئەو پارێزگایە دەنگی هێنایەوە، بەڵام خومەینی ڕایگەیاند کە گەر بێتە تاران ناهێڵین بڕواتەوە و ئێعدامی دەکەین.

ئەمە ئەوپەڕی ڕق و کینی ئایەتوڵایەکی کۆنەپەرست بوو کە قاسملووی بلیمەت وەکوو چقڵێک لە چاوی ئیدئۆلۆژییە وێرانکەرەکەیدا بوو و داهاتووی لە خومەینی لێڵ دەکرد.

ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی، لە چلەی مردنی خومەینیدا، تێرۆریستە نێردراوەکانی ڕەفسەنجانی و خامنەیی، دوکتور قاسملوویان لە جەژنی قورباندا کردە قوربانیی مردنی جەللادی جەماران و بەم شێوەیە ویستیان قاسملوو لە کوردستان بسڕنەوە و لە ئێراندا هیچ قەڵایەکی بیرو باوەڕ لە بەرامبەریاندا خۆی ڕانەگرێ.

ئەو هەموو پیلان و دژبەرییەی کە بۆ دوکتور قاسملوویان هەبوو، یەک لە دوای یەک پووچەڵ کرایەوە و تەنانەت تێرۆری جەستەی دوکتور قاسملوو بوو بە هۆکارێک بۆ دەنگدانەوەی زیاتری بیروباوەڕ و خەباتی ئەو ڕێبەرە بلیمەتە نەتەوەیی و دێموکراتە و نەک تەنیا لە کوردستان، بەڵکوو لە ئاستی ئێران و جیهانیشدا ڕێژیمە دەسکردەکەی خومەینیی ڕیسواتر لە هەموو کات کرد.

دوکتور قاسملوو، لە ژیان و خەباتیدا، بە هەموو تواناوە لە خزمەتی گەلەکەیدا بوو، بۆیەش ساڵانە بە هەزاران کەس لەو ڕێبازەدا دەڵێن: " قاسملوو، قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە".

ئەم بەردەوامییەی قاسملوو لە هزر و یاد و لە نێو ڕۆ‌حی نەتەوەیدا کە بەردەوام ڕۆڵەکانی ئۆگری ئەو ڕێبازە بە بڕوای پتەوترەوە پەیوەستی کاروانی خەباتی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەبن، ڕێژیمەکەی پاشماوەی خومەینیی نیگەرانتر لە هەردەم کردووە و دوای چوار دەیە پیلان و دوای سێ دەیە لە تێرۆری جەستەی دوکتور قاسملوو، ئێستا کەتوونەتە جەستەی بیر و هزر و یادی قاسملوو و بۆ ئەو کارە دزێوەشیان هەموو قەڵەمە بەکرێگیراوەکانیان وەگەڕ خستووە.

بە چەواشەکردنی چەند لاپەڕەیەک و وەگەڕخستنی چەند قەڵەمێکی بەکرێگیراو و چەند کەسێکی نێو گۆڕەپانی دۆڕاوەکان، خەوش ناخرێتە سەر سیمای ڕێبەرێک کە تەواوی بەڵگەکانی دەزگا ئیتلاعاتی و سیخوڕییەکان گەڕان و چکۆلەترین ئاماژەیەک بۆ خەسار بۆ هیچ بەشێکی کوردستانیان تێدا نەدۆزییەوە.

دوکتور قاسملوو، دەیە بە دوای دەیە، داڕێژەر و دامەزرێنەری پێوەندیی نێوان بەشە جیاوازەکانی بزووتنەوەی کورد بوو و لەو پێناوەشدا هەموو تێکۆشەرانی ڕاستەقینەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەموو بەشەکان، شایەتی کار و لەخۆبردوویی و خەمخۆریی و بلیمەتیی ئەون و هیچ پێویست بە باسکردن و دیفاع کردن لێی ناکا، چوونکە نەتەوەیەک بەو ناوەوە وەجووڵە دەکەوێ و کۆشکی ستەمکارترین و تێرۆریستترین ناوچە بەو ناوە وەلەرزە دەکەوێ.

ئەوەی لەم کورتەنووسینەدا پێویستە بگوترێتەوە و مەبەستە، ئەوەیە کە لەم کاتوساتەدا پیلان و پەلەقاژەی شکاندن و ڕووشاندنی ناوی دوکتور قاسملوو، دووپاتبوونەوەی پەلەقاژەی شکستخواردووی خومەینی و شوێنکەوتووەکانیەتی کە تەنیا توانییان جەستەی قاسملووی ڕێبەرمان لێ بستێنن و لە ئاستی گەورەیی کەسایەتی و بیری ئەودا مێشوولەیەکن لە بەردەم قولەی قافا.