کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوژمنی دەرەکی، نێعمەتی ئیلاهی

22:45 - 15 خاکەلێوه 2719

کەریم پەرویزی

بۆ حکومەتە سەرتاپا گەندەڵکارەکانی وەکوو رێژیمی ویلایەتی فەقیهی، دوژمنی دەرەکی وەکوو پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە رێژیم دەتوانێ هۆکارێک بۆ مانەوەی خۆی و شاردنەوەی گەندکارییەکانی بیدۆزێتەوە.

لەو کاتەدا کە لە شەڕی نێوان ئێران و عێراقدا، خومەینی رایگەیاند شەڕ نێعمەتێکی ئیلاهیە، هەندێ کەس پێیان وابوو کە ئەم رێژیمە لەوپەڕی بڕوا بە دونیای دیکەدا خەریکی بڵاوکردنەوەی مەرگدۆستییە و بەناوی بەهەشتەوە خەریکە لاوان بە لاڕێدا دەبا! بەڵام مانای راستەقینەی ئەو رستەیەی خومەینی لە شوێنی دیکە بوو.

رێژیمی ویلایەتی فەقیهی، رێژیمێکە کە لە قەیراندا دەژی و بە قەیران و ئاژاوەگێڕی گەشە دەکا و هەرچی زیاتر لە ناوچەدا ئاگر بکەوێتەوە، رێژیم زێدەتر دەتوانێ بە دەستێوەردان و خۆتێخزاندن، پەرە بە بیری شەڕئەنگێزیی بدا.

لە لایەکی دیکەوە، رێژیمی دیکتاتۆریی وەکوو ویلایەتی فەقیهی، لەبەر گەندەڵی و تاڵانی لەرادەبەدەری بەرپرسانی، ناتوانێ سامانی وڵات بۆ ئاسوودەیی ژیانی خەڵک تەرخان بکا و ئابووریی وڵات بەرەو داڕمانی یەکجاری دەبا.

هەر لەو کاتەدا، ئەم جۆرە رێژیمانە پێویستیان بەوەیە کە ترسێکی دایمی بخەنە نێو دڵی خەڵکەوە کە دوژمنان و نەیارانی ئێران و ئێرانییەکان ئەوە لە پیلاندان کە ئێران لەتوپەت بکەن و ماڵ و حاڵی خەڵک وێران بکەن! هەر وەک رێژیمی پاشایەتی دەیگوت کە بە نەمانی پاشا، ئێران دەبێتە ئێرانستان! رێژیمی ویلایەتی فەقیهیش دەڵێ بە نەمانی ئەم رێژیمە، ئێران دەبێ بە هەزار تیکە!

لە وەها دۆخێکدا و لەبەر ئەم هۆکارانە، رێژیمی سەرەڕۆ و گەندەڵی ویلایەتی فەقیهی پێویستی بەوە هەیە کە دوژمنێکی دەرەکیی هەبێ و گەر دوژمنیش نەبێ، دوژمن دادەتاشێ تاکوو پێداوێستییەکانی پێ دابین بکا!

لە تازەترین نموونەدا، رێژیمی دەستەوەستان و تاڵانکەری ئێران، لەبەرامبەر لافاودا دۆشداماوە و هیچی پێ ناکرێ و بۆ شاردنەوەی هەموو کەمتەرخەمی و نەزانکاری و گەندەڵییەکانی، بیانوو بە ئامریکا دەگرێ کە گەمارۆکانی ئامریکا ناهێڵێ فریای لافاولێدراوان و لێقەوماوان بکەون! ئیدیعا دەکەن کە گەمارۆکانی ئامریکا بێبایەخن و بەئاسانی دەتوانن دەوریان بدەنەوە، بەڵام لەم کاتەدا دەڵێن لەبەر گەمارۆ ناتوانن کەسێکی لافاوبردوو دەرباز بکەن!

ئەوەی راستیی پرسەکەیە، رێژیمی ئێران لەبەر گەندەڵی و پەرەدان بە تیرۆریزم، سامانی وڵاتی بەتەواوی بەفیڕۆ داوە و ساڵانێکی دوور و درێژە کە هەموو شارسازی و سەدسازی و ئاوەدانکردنەوەیەک لە قۆرخی سوپای پاسداران و باندە مافیاییەکانی نێو رێژیمدایە و سەرەڕای ئەوەش هیچ ئیمکاناتێک بۆ حاڵەتی کارەساتە سرووشتییەکان تەرخان نەکراوە . لەم کاتەدا کە لافاوێکی گەورە هاتووە، وەکوو ئەوە وایە کە لێفەشڕە لەسەر هەتیو هەڵدرابێتەوە و نەزانی و بێتوانایی رێژیمی ویلایەتی فەقیهی بەتەواوی دەرکەوتووە و بۆ شاردنەوەی ئەو شکست و ئابڕوچوونەیان، پەنا دەبەنە بەر پاساوی بێبنەمای وەکوو ئەوەی کە ئامریکا بە تاوانبار بناسێنن!

رێک لە وەها دۆخێکدایە کە رێژیمی ئیسلامیی ئێران دەیسەلمێنێ کە بەردەوام پێویستی بە دوژمنێک هەیە و لەم کاتەشدا خامنەیی رەدی دەکاتەوە کە دوژمنتراشی خراپە!

بارانێکی بەخوڕی چەند رۆژە کە دەتوانێ لافاوێکی گەورە دروست بکا و کارەساتی لێ بکەوێتەوە، دەیسەلمێنێ کە ئەم رێژیمە زۆر بێبنەما و لەرزۆکتر لەوەیە کە نیشان دەدا و تەنیا شەپۆلێکی بەلرفەی خەڵک دەتوانێ کۆشک و تەلاری تێک بڕووخێنێ.