کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران و بەتایبەت لە کوردستان، لە راپۆرتی ئەحمەد شەهیددا

16:17 - 2 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: ئاماری کوژران و برینداریی کۆڵبەرانی کورد لە ناوچە سنوورییەکان و مینی دژەنەفەر، لە راپۆرتی ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا باسی لێ کراوە.
رێکەوتی ١ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی، ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتیی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران، دووهەمین راپۆرتی ئەمساڵی لەسەر پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێراندا بڵاو کردەوە.
پرسی کورد، کۆڵبەرانی کورد، مینی دژەنەفەر لە کوردستان و لە سێدارەدان، بەشێکی سەرەکیی راپۆرتی ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ٦٨ـەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی بوو.
لە پێوەندی لەگەڵ نەتەوەی کورددا، ئەحمەد شەهید تیشکی خستووەتە سەر پرسی کۆڵبەران و نووسیویەتی: لە ماوەی یەک ساڵدا زیاتر لە ٧٠ کۆڵبەری کورد لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان کوژراون و ٦٨ کەسی دیکەش بریندار بوون.
لەو راپۆرتەدا هاتووە: هێزە سنوورییەکانی ئێران، بەبێ لەبەر چاو گرتنی تەنانەت یاسا نێوخۆیی‌یەکانی کۆماری ئیسلامی، کۆڵبەرانی کورد دەکوژن.
ئەو راپۆرتە وەکوو یەکەمین راپۆرتی پاش هاتنە سەرکاری رووحانی بۆ یەکەمین جار پڕژاوەتە سەر مینی دژەنەفەر لە کوردستان و بەپشت بەستن بە رێکخراوی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ــ ژنێڤ، نووسیویەتی: لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە و ورمێ و هەروەها پارێزگای عەرەب‌نشینی خووزستان، ٢٠ میلیۆن مینی دژەنەفەر لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە چێنراوە و لە رۆژێکدا ٢ کەس لەو ناوچانە گیانیان لە دەست دەدەن کە لەسەدا ٤٠ی ئەو قوربانییانە منداڵانی ژێرەوەی تەمەن ١٤ ساڵ پێک دەهێنن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران سێ مانگ جارێک لەگەڵ ئەحمەد شەهید کۆبووەتەوە و هاوکاریی ناوبراوی لە ئامادەکردنی راپۆرتەکاندا کردووە.