کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی مافی مرۆڤ لەژێر سێبەری ڕێژیمدا قەیراناوییە

12:55 - 12 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا ١ هەزار و ٧٩٠ حاڵەت پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ئەنجام دراوە کە ڕێژیمی ئێران بکەری ئەسلیی ئەو دۆخەیە.

ئاژانسی هەواڵدەریی "کوردپا" کە ئاژانسێکی مافی مرۆڤییە و بە تایبەتی لەسەر دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێراندا کار دەکات لە ئامارێکدا کە لە ساڵی ١٣٩٧ی هەتاویدا کۆی کردووەتەوە و بۆ ساڵی نوێ بڵاوی کردووەتەوە بە داتاوە بڵاوی کردووەتەوە ڕێژیمی ئێران هەتا چ ئاستێک لە کوردستاندا خەڵک سەرکوت دەکات و ‌هێرش دەباتە سەر خەڵکی کوردستان.

بەپێی ئاماری ئەو ئاژانسە مافی مرۆڤییە، لە ساڵی ١٣٩٧دا ٦٥٢ کەس لە کوردستان بە تۆمەتی نادیار لە لایەن بنکە و ناوەندە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە کوردستان دەسبەسەر کراون.

لە ساڵی ڕابردوودا، ١٤٥ کەس بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران کراون کە به تومەتی وەک: "بەشداری لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز، ڕۆژی جیهانیی کرێکار، مانگرتنەکانی کوردستان چالاکیی دیکە دەسبەسەر کراون.

لە ساڵی ٩٧دا ٣٤ کەس لە هاووڵاتییانی کورد بانگهێشتی دادگاکانی ڕێژیم کراون و تۆمەتی ئەمنییەتیی جۆراجۆریان خراوەتە پاڵ.

بەپێی ئەو ئامارەی ئاژانسی "کوردپا" ١٥٣ کەس بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن داگاکانی ئینقلابی ئەو ڕێژیمە بە شەلاق، دوورخرانەوە، زیندانی تەعزیری و تەعلیقی و سزای دیکە مەحکووم کراون.

هەر بەپێی ئەو ئامارە، لە ساڵی ٩٧دا ٥٥ هاووڵاتیی کورد ئێعدام کراون و ١٠ کەسی دیکەش بە ئێعدام مەحکووم کراون. "ڕامین حوسێن پەناهی، زانیار و لوقمان مورادی، کەماڵ ئەحمەد نژاد، ناسر عەزیزی و ئەحەد شەباب ( دوو پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران) ئێعدام کران.

لەو ئامارەدا هاتووە ٥٤ هاووڵاتیی کورد بە هۆی تەقینەوەی مین کوژراون یا بریندار بوونە.

ئامارەکانی "کوردپا" باسی لەوەش کردووە، ٢٣ زیندانی بە هۆی هەڵسوکەوتی نەشیاوی بەرپرسانی زیندان دۆخی جەستەییان خراپ ڕاگەیەندراوە. ٧١ زیندانیی سیاسیی دیکەش بە هۆی لێدانی مەئموورانی زیندانەوە مانیان لە خواردن گرتووە.

لەو ئامارەدا هاتووە ٥٧٩ کەس لە لایەن ڕێژیمە دەسبەسەر کراون کە شوێنی ڕاگرتنی ٥٣٢ کەسیان ناڕوونە.

لە بارەی کوژرانی کۆڵبەران لە ئامارەدا هاتووە کە ١٧٧ کەس بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم، تەقینەوەی مین، به هۆی فشاری کاری لە کاتی کۆڵبەریدا و هۆکاری دیکە گیان لە دەست داوە.

لە ساڵی ١٣٩٧دا، سەرجەم ٣٠ هاووڵاتیی مەدەنی بە گومانی ئەوەیکە کەلوپەلی قاچاغیان هەڵگرتووە لە جاددە و ڕێگاوبانەکانی کوردستاندا لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە تەقەیان لێکراوە و ١٢ کەسیان کوژراون و ١٨ کەسیشیان بریندار بوونە.

هۆکاری پێشێلکردنی ئەسلیی مافی مرۆڤ، کوشتار، دەسبەسەرکردن، ئێعدام و سەرکوتی خەڵک لە کوردستان لە لایەن بنکە و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە ئەنجام داوە و ئەو ڕەوتەش درێژەی هەیە.