کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی ئەمنیەتیی شاری سەقز توندتر بووەتەوە

20:18 - 15 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە زیاد کردنی ژمارەی هێزەکانی خۆی لە شاری سەقز، دۆخی ئەمنیەتیی ئەو شارەی توندتر کردووەتەوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پاش ئیعدامی شێرکۆ موعارفی زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری بانە لە زیندانی ناوەندیی شاری سەقز، هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران رێژەی گەشتەکانیان لەنێو شاری سەقزدا زێدەتر کردووە و کەش و دۆخێکی تەواو ئەمنیەتییان خولقاندووە.
میلیتاریزە کردنی شاری سەقز لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێرانەوە بە زیاد بوونی ژمارەی هێزە نیزامییەکان و یەگانی تایبەت، پاش ئیعدامی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە و بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان لە شاری مەریوان، توندوتۆڵ‌تر بووەتەوە.
لەو پێوەندییەدا و لە راپۆرتێکدا کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، لە رۆژی سێشەممەوە هێزە لیباس شەخسی، نیزامییەکان و یەگانی تایبەت بە شێوەیەکی بەردەوام لە شارەکانی مەریوان و سنە گەشت لێ دەدەن و دۆخی ئەمنیەتییان بەسەر ئەو شارانەدا زاڵ کردووە.