کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری هەیئەتی حیزبی دێموکرات لە پارلمانی سوئێد

12:01 - 3 رێبەندان 2719

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٨ی هەتاوی، هەیئەتی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی "حەمید تەیموری" و "جەمیلە حەسەنخاڵی"، بە مەبەستی دیدار و چاوپێکەتن لەگەڵ خاتوو "ژەنین ئا. ئێریکسوون"  (Janine A. Ericsson)،  نوێنەری پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی ژینگە (Mp)، چوونە پارلمانی سوئێد و لەگەڵ ناوبراو کۆبوونەوە.

 لەو کۆبوونەوەیەدا کۆمەڵێک باسیان لەسەر ئێران و ناوچەکە بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی هێنایە بەر باس.  

لەم کۆبوونەوەیەدا، باسی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانەی ئێران و کوشتن و برینداربوونی خەڵک لەلایەن هێزی نیزامیی ڕێژیم، باسی کوشتنی تێروریست قاسم سلێمانی لەلایەن ئامریکا، خستنەخوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی لە تاران لەلایەن سپای پاسداران و قوربانیبوونی نزیکەی ١٨٠ کەس کە ٨ کەسیان کورد بوون، کرا.

لەو کۆبوونەوەیەدا باس لەوە کرا، هەلومەرجی کوردستان لەوپەڕی خراپیدایە و ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، تەواوی کوردستان، شار و دێهات و سنوورەکانی بە هێزی نیزامی تەنیوە و هێزی نیزامیی تێیدا جێگیر کردووە. هەروەها ڕۆژ نییە کۆڵبەران نەکوژرێن و خەڵک نەگرن و خەڵک بانگهێشتی دەزگا بەناو ئەمنییەتییەکان نەکەن.

هەرلەم کۆبوونەوەیەدا کورتەیەک لە کردەوەکانی ڕێژیم لە ساڵی ٢٠١٩  وەکوو تێکدانی ژینگەی کوردستان، سووتانی دارستانەکان، تێکدانی ڕێگەوبان و کوشتنی ١٧٧ کۆڵبەر  و ٣٠ کەس به تۆمەتی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاخ لە جادەکان، دەسبەسەرکردنی ١٣٨ هاووڵاتی لەلایەن هێزی ئەمنییەتی، کوژران و برینداربوونی ٥٤ هاووڵاتی بە تەقینەوەی مین، ئێعدام کردنی زیاتر لە ٥٥ کەس لە هاووڵاتیان و دەسبەسەرکردنی نزیکەی ٧٠٠ کەس لە هاووڵاتییان بەهۆی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانیان خستە بەردەستی خاتوو "ژەنین".   

ناوبراو سپاسی هەیئەتی حیزبی کرد بۆ زانیارییەکان و هەروەها باسی ئەوەی کرد کە ئەوان هیچ وێنەیەکی پۆزەتیڤیان لەسەر ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران نییە.

وتیشی، ئێمە وەک حیزبی ژینگە پاڵپشتی لە مافی گەلان و بەتایبەتی کورد لە ئێران دەکەین.

هەیئەتی حیزبیش پێیان ڕاگەیاندن کە ئێمە وەک حیزبی دێموکرات داواتان لێ دەکەین کە پاڵپشتی سیاسیی مەسەلەی کورد بن و ڕێگە چارەیەک بۆ کێشەی کورد دەستنیشان بکەن.