کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری هەیئەتی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات لەگەڵ نوێنەری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی مودرات

18:54 - 4 سەرماوەز 2721

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی نوامبری ٢٠٢١، هەیئەتی نوێنەریی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید بە سەرپەرستیی "حەمید تەیمووری" و "جەمیلە حەسەنخاڵی" بە مەبەستی دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ نوێنەری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی مودرات خاتوو "مارگارێتا سێدرفێڵت" چوونە پارلمانی ئەو وڵاتە و هەلومەرجی کوردستانی ڕۆژهەڵات، حیزبی دێموکرات، ئێران و ناوچەکەیان تاوتۆی کرد.

لەم دیدارەدا ئەم خاڵانەی خوارەوە بە کورتی باسیان لێوە کرا:

- چەند پاتەکردنەوەی هەڕەشە و گوڕەشەی بەرپرسانی ڕێژیم و جەلادانی سپای پاسداران لە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات و پێشمەرگە و باسەکانی ئەو حیزبە و تەنانەت حیزب و ڕێکخراوەکانی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

- گرتن و ڕەشبگیریی لاوانی کورد لەلایەن سپا و ئیتڵاعاتی ڕێژیم لە شارەکانی کوردستان کە تاکوو ئێستا زیاتر لە ٦٤ کەسیان لە چالاکی مەدەنی و مامۆستایان و ژینگەپارێزانی کوردستان و... دەسبەسەر کردووە.

- پێکهێنانی گرووپێک لە نوێنەری هەموو دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی سەر بە ڕێژیم کە فوکوسیان لەسەر خەڵکی کوردە بۆ سەرکوتکردنی لاوانی کورد، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، ژینگەپارێزان، مامۆستایان، ژنان  و چالاکانی کرێکاری.

- لەم مانگەی کە ڕۆیشت نزیکەی ١٠ کۆڵبەر کۆژران و بریندار کراون کە ئەو کەسانە بۆ بژێویی ژیانی منداڵانیان ناچارن کۆڵبەری بکەن.

- چوار کەسی کورد لە بەندیخانەدا مردوون کە هۆکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەشکەنجە و ئازاری زۆر. هەر لەو پەیوەندییەدا "داوود ڕەحیمی" کوڕی شەهیدی حیزب لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست داوە و کەسێکی تر بە ناوی "ئەسعەد ڕامینیان" هەر بەو جۆرە گیانی لەدەست داوە و شەهید کراون.

- هەر لەو مانگەدا ٥ کورد بە زیندان سزا دراون و ٩ کرێکاری کورد لەسەر کارەکانیان بوونەتە قوربانی، لەبەر نەبوونی کەرەستەی پێویست. ئێعدامەکان بەردەوامن و ڕێژەیان بەرەو سەرەوە دەچێت.

- کێشەی کۆرۆناش یەکێک لەو گرفتانەیە کە لە کوردستان و ئێران ڕۆژانە قوربانی دەستێنێت و ڕێژیمیش لەو بوارەدا بێدەنگە و چارەسەرێکی ئەوتۆی بۆ نییە. تەنانەت خەڵک لە ڤاکسینەکان دەترسن، چونکە زۆرینەی ساختەیە و بە جۆرێکیش خەڵک دەکوژێت. (مارگارێتا وتی، ئایا یوئێن هیچ یارمەتییەکی بۆ ئێران نەناردووە کە بەسەر خەڵکدا دابەشی بکەن. هەیئەتی حیزب وتی، ئێران ئیجازە نادات نوێنەرانی یەکیەتیی ئورووپا و تەنانەت یوئێن بچنە ئێران، تەنانەت ڕۆیشتوون و یارمەتییان بردووە بەڵام ڕێگەیان نەداوە بڕۆنە ژوورەوە و لە فڕۆکەخانە ناچارەن نوێنەرەکان گەڕاونەتەوە و یارمەتییەکانیان لێیان وەرگرتووە).

- کێشەی ئاویش بووەتە گەورەترین قەیران لە ئێران و هەر دوێنێ خەڵکی ئیسفەهان و چوار مەحاڵی بەختیاری دەستیان داوەتە خۆپیشاندان و داوای چارەسەرکردنی کێشەی ئاو دەکەن. دیارە ڕێژیم لە سەرچاوەکانی کوردستان کاناڵکێشیی کردووە بۆ ناوەندی ئێران و ئاوی کوردستان دەدزێت و بە جۆرێک خەڵک دەزانێت کە ئێران بۆ شاری بەسرەی باشووری عێراق دەیبا و بەو جۆرە ڕژاونەتە سەر شەقامەکانی شار و خۆپیشاندان دەکەن.

لەو دیدارەدا هەیئەتی حیزب داوایان لە نوێنەری مودرات کرد کە پشتیوانیی پرسی کورد بن. هەیئەتی حیزب وتی: "لەسەر پرسی کورد بنووسن و بیدەنە پارلمانی سوید و حکوومەت و وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەتان و تەنانەت لە ڕێگای نوێنەرەکانتان بیدەنە پارلمانی ئورووپا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان".

لە کۆتاییدا، هەردوو لا لەسەر دانیشتنەکان و ئاڵوگۆڕی زانیاری جەختیان کردەوە.