کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری ئیبراهیم برۆ لەگەڵ دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات

17:42 - 31 گەلاوێژ 2716

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریه، سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و لە سەر باردۆخی کوردستانی ڕۆژئاوا گفتوگۆیان کرد.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣٠ گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، هەیئەتێکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریە (ENKS) بە سەرپەرەستیی ئیبراهیم برۆ، سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد، و لەلایەن هەیئەتێکی دەفتەری سیاسیی حیزبەوە بە سەرپەرەستیی مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات پێشوازیی لێ کرا.

لەو دانیشتنەدا، ئیبراهیم برۆ گوتی: ئامانج لەم سەردانەمان ئاگادارکردنی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردە لە ڕەوشی دژواری کورد لە ڕۆژئاوا، بەتایبەت پێمان باش بوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وەک هێزێکی وڵاتپارێز و دۆست، لەم بارەوە ئاگادار بکەینەوە.

برۆ هەروەها گوتی؛ بێگومان ئێوە ئاگادارن کورد بە درێژایی مێژوو، لە سووریە لەلایەن ڕێژیمە دیکتاتۆرەکانەوە وەک هەموو بەشەکانی دیکە دەچەوسێتەوە و نکۆڵی لە ماف و داخوازییەکانی دەکرێ. بەتایبەت لەسەردەمی ڕەشی حکوومەتی بەعسی سووریە و سیاسەتی ژینۆسایدی بەشار ئەسەد، تەواوی هاووڵاتیانی سووریەی لەگەڵ دۆخێک ڕووبەڕوو کردووە، کە ئێستا مەزڵومییەتی خەڵکی سووریە و کوردی ڕۆژئاوا بووەتە بەشێک لە ڕاپۆرتی ڕاگەیەنە گشتییەکان و سیاسەتی ئامریکا و ئورووپا، هەروەها شەڕی کورد دژی داعش و بەرئەنگاریی شەڕوانانی کوڕ وکچ لە کۆبانێ و شارەکانی دیکەی ڕۆژئاوا، مێژوویەکی پڕ لە شانازی بۆ گەلی کورد تۆمار کرد، بەڵام مەخابن سیاسەتی تەک ڕەوانەی PYD و شەڕ فرۆشتنی بە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوا، و بێڕێزی کردنیان بە کەسایەتییە خەباتگێڕەکان و حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کورد لە ڕۆژئاوا، و بەتایبەت ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سووریە، کۆمەڵانی خەڵکی کوردی لە ڕۆژئاوا نیگەران کردووە، و مەترسییەکی گەورەی لەسەر دوا ڕۆژی پڕۆسەی سیاسی کورد لە ڕۆژئاوا پێک هێناوە.

بەتایبەت لەم ڕۆژانەدا هێرشەکانی ئەرتەشی بەشار ئەسەد لە لایەک و هێرشی تێرۆریستانی داعشیش لە لایەکی دیکەوە، لە شارەکانی حەڵەب و حەسەکە ئەو وەزعەی شپرزەتر کردووە، و خەڵکێکی زۆری ئاوارە کردووە، بۆیە ئێمە بە لە بەرچاوگرتنی ئەو دۆخە نالەبارە، داوا لە هەموو دۆستان و برایانمان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان دەکەین، بە هانای تێکۆشەرانی ڕۆژئاواوە بێن و گوشار بخەنە سەرPYD و هاوپەیمانانیان دەست لەو سیاسەتە پاوانخوازییانەیان بێنن.

پاشان مستەفا هیجری سکرتێری گشتی حیزبی دێموکرات، لەسەر ڕەوشی کورد بەگشتی و بەتایبەت خەباتی ڕۆڵەکانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و خەبات و بەرخۆدانی کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لە ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران قسەی کرد و گوتی؛ خەباتی ئێمە لەم ساڵدا هەم لە ئاستی نێوخۆیی و هەم لە ئاستی ناوچەیی و نێونەتەوەیی‌دا دەنگدانەوەیەکی باشی بووە و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیش پشتیوانییەکی بەرچاویان لێ کردووین، و بەپێی ئەو بەرنامەیەی هەمانە درێژە بەو خەباتەمان دەدەین. هیجری لەسەر سیاسەتی دەستێوەردانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە و پشتیوانیی هەمە لایەنەی لە ڕێژیمی دیکتاتۆر و مرۆڤکوژی بەشار ئەسەد قسەی کرد و لە باسەکەیدا گوتی؛ ئێمە هەر لە ڕۆژەکانی دەسپێکی ململانێی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژئاوا، لەگەڵ ڕێژیمی بەشار ئەسەد، نیگەرانی ناهەماهەنگییەکان بووین و ئێستاش هەر وەک ئێوە لە باسەکەتاندا ئاماژەتان پێکرد، بەداخەوە ڕەوشەکە بەو ئاقارەداڕۆشتووە کە، پرسی کورد هەڕەشەی گەورەی لەسەرە و بە کردەوە، سیاسەتی ناوچەیی پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی کورد دەچێتە پێش، بەتایبەت ئەم وەزعە وای کردووە ڕێژیمی بەشار ئەسەد بە هاوکاریی هێزەکانی ئێران و هاوپەیمانەکانیان، هێرش بکەنەوە سەر ناوچە ڕزگار کراوەکان و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ ئاوارە بوونی خەڵکی لێ دەکەوێتەوە.

هیجری گوتی؛ ئەزموونی سیاسیی بزووتنەوەی کورد، ئەو ڕاستییەی سەلماندووە کە؛ هەر کاتێک حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کورد یەکگرتوو بوون، ئیرادەی یەکگرتووییان بەسەر پیلانی نەیاراندا زاڵ بووە، و پێچەوانەکەیشی موسیبەت و کارەساتی ناخۆشی بە دواوە بووە.
مستەفا هیجری لە درێژەی وتەکانی‌دا گوتی؛ هیوادارین حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوا، ڕێچکەی یەکیەتی و برایەتی بکەنە ڕێبازی خۆیان وPYD یش سیاسەتێک بگرێتە بەر، کە دۆخەکە بەرەو سەقامگیری بەرێ، ئێمە وەکوو دەفتەری سیاسی، ڕاگەیەندراوێکمان لەو پێوەندییەدا داوە و هەر ئەو داوایەمان کردووە، هەر وەک دەبینن هاوکارییەکانی ڕووسیە و تورکیە و ئێران دەستی پێکردووە، ئەوە ئەو مەترسییەی بەداوەیە کە کورد بە گشتی لێی نیگەرانە، PYD یا هەر لایەنێکی دیکە لە ڕۆژئاوا، کە خۆی بە بەرپرسیار بزانێ، دەبێ ئەو ڕاستییە قەبووڵ بکات کە، یەک لایەنانە ناتوانێ وڵام دەر بێ، ئەو ڕەوشە ئەوەمان لێ دەخوازێ پێکەوە پرۆسەی سیاسیی نەتەوەکەمان درێژە پێ بدەین.

لە کۆتایی ئەو دیدارەدا جارێکی دیکە بەڕێز هیجری، پشتیوانیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە بزووتنەوەی مافخوازی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دەربڕی و لەسەر پەیوەندیی دۆستانەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سووریە جەختی کردەوە.