کوردستان میدیا: دۆسیەی زیندانیانی گوندی قەرەسەقەل لە لقی ٤٧ی دیوانی باڵای ڕێژیم تاوتوێ دەکرێت.
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاوی کردووەتەوە کە دۆسیەی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، حاسڵ عەزیزی، محەممەد زاهیر فەرامەرزی، کەمال مەسرووری و جەلال مەسرووری" بۆ تاوتوێکردن ڕەوانەی دیوانی باڵای ڕێژیم کراوە.
ئاژانسی کوردپا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵەبڵاوی کردووەتەوە، دۆسیەی ئەم زیندانییانە لە لقی ٤٧ی دیوانی باڵای ڕێژیمی ئێران لەبەردەستی تاوتوێ دایە و دەبێت شۆرای ئەمنییەتی میللیی دیوان دووبارە لە سەر ئەم دۆسیەیە بڕیار بدات.
سەرۆکایەتی لقی ٤٧ی دیوانی باڵای وڵات لە لە ئەستۆی سەید ئەحمەد تەباتەبایی و سەید ساڵح سەجادی" جێگری دایە.
هیدایەت عەبدوڵاپوور وێڕای چەند کەسی دیکە بە ناوەکانی حاسڵ عەزیزی، محەممەد زاهیر فەرامەرزی، یەعقووب بائیکەرام، جەلال مەسرووری، کەماڵ مەسرووری و سدیق بائیکەرام، لە گوندی قەرەسەقەڵی شنۆ لە جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی دەسبەسەر کران.
دادگای ئینقلابی شاری ورمێ ئەو حەوت هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی گوندی قەرەسەقەلی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" مەحکووم کردووە.