کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیک چەینی: دانیشتن و وتووێژ لەگەڵ رێژیمی ئێران بێ‌ئاکام دەبێت

16:26 - 6 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: جێگری سەرکۆماری پێشووی ئەمریکا وێڕای پێداگری لەسەر بێ‌ئاکام بوونی وتووێژەکان لەگەڵ رێژیمی ئێران، خوازیاری زیادکردنی گوشارەکان و گەمارۆکان بۆسەر رێژیمی ئیسلامی ئێرانە.


\'\'دیک چەینی\'\'، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کاناڵی \'\'ئەی. بی. سی\'\'ی ئەمریکا وتوویەتی: دانیشتنەکان و وتووێژ کردن لەگەڵ رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ کاریگەرییەکی لەسەر پرسی ناوکیی ئێران نییه و هیچ ئاکامێکی ئەرێنی لێ ناکەوێتەوە\'\'.
جێگری جۆرج بووش سەرکۆماری پێشووی ئەمریکا، خوازیاری زیادکردنی گوشارەکان و هەروەها چڕتر کردنی گەمارۆکان لەدژی رێژیمی ئێرانە و ئاماژەی بەوەش داوە که سەبارەت بە پرسی ناوکیی ئێران و ئەم دۆخەی ئێستا، هیچ متمانەیەکی به دەوڵەتی باراک ئوباما نییه.
چەینی لە زاری دیپلۆماتکارانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، رایگەیاندووە: \'\'رێژیمی ئێران وەک رێژیمی بەشار ئەسەد، تەنیا بانگەشەی ئاشتی دەکات و هیچکام لە دروشمەکانی خۆی بۆ ناچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە\'\'.
\'\'دیک چەینی\'\' لە ساڵەکانی ٢٠٠١ هەتا ٢٠٠٩ی زایینی بۆ ماوەی دوو خولی سەرکۆماریی جۆرج بووش، وەکوو جێگری سەرکۆمار و دووهەمین سیاسەتمەداری ئەمریکا ناسراوە و هەروەها لە هێرشی نیزامی بۆسەر عیراق و ئەفغانستان رۆڵێکی بەرچاوی بووە\'\'.