کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەر كرانی كۆڵبەرێكی كورد لەلایەن هێزە نیزامییەكانەوە

23:29 - 4 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: كۆڵبەرێكی كورد لەخاڵە سنوورییەكانی شاری شنۆ لەلایەن هێزە نیزامییەكانەوە درایە بەر دەستڕێژ و دواتر دەسبەسەر كرا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، موعتەسەم مام گوڵی خەڵكی ئاوایی قوڵقوڵەی شاری مەهاباد لەخاڵی سنووری لۆڵانی شاری شنۆ لەلایەن هێزە نیزامییەكانەوە درایە بەر دەستڕێژی و دواتریش دەسبەسەر كرا.
موعتەسەم مام گوڵی شەوی دووشەممە رێكەوتی 3‌ی پووشپەڕ دەسبەسەر كراوە.
هەر لەو پێوەندییەدا ئەو شەوە كۆڵبەرێكی دیكەی كورد بەناوی یوونس مكایلی خەڵكی ناوچەی شنۆ بەتەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەكان گیانی لێ‌ئەستێنراوە.
ئەو كۆڵبەرانە تەنیا بە مەبەستی دابین كردنی بژێوی ژیانیان دەستیان داوەتە ئەو پێشە پڕ لەمەترسییە و زۆر جاریش ئەو پیشەیە مەترسییەكەی دەگاتە ئاستی گیان لەدەست دانی ئەو كۆڵبەرانە و جێگای تێڕامانی ئەو دیاردەی كوشتنە لێرە دایە كە بەپێی بەندی ئەلف لە مادەی ٢ی یاسای قاچاخی كاڵای رێژیمی ئێران، ئەگەر كاڵایەك كەمتر لەیەك میلیۆن تمەن بایەخی هەبێ ئەوە ناچێتە چوارچێوەی كەلوپەلی قاچاخ و سزای نییە.