کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەندراوی لێژنەی ئامادەكاریی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد

17:18 - 1 گەلاوێژ 2713

كوردستان میدیا: لێژنەی ئامادەكاریی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد یەكەم كۆبوونەوەی خۆی گرت و راگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە.


دەقی راگەیەندراوەكە
ئەمڕۆ لە نووسینگەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی ٣٩ لایەنی سیاسیی هەر چوار پارچەی كوردستان لەسەر داوا و بە سەرپەرشتیی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەیەك بۆ باسكردنی هەنگاوەكانی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد و دانانی لیژنەی ئامادەكاری ئەنجامدرا، كۆبوونەوەكە جەختی كردەوە لەسەر گرتنەبەری زمانی دیالۆگ و ئاشتی و پەیڕەوكردنی ڕێوشوێنی دیموكراتیانە و ڕێزگرتنی ئیرادەی گەلی كوردستان لەسەرجەم پارچەكاندا.


لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا جەنابی سەرۆك بارزانی بە ناوی خۆی و بەڕێزان مام جەلال و عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەخێرهاتنی هەموو لایەنەكانی كرد و ئاماژەی بە كۆمەڵێك خاڵی ستراتیژیی سەرەكی بۆ بەستن و سەرخستنی كارەكانی كۆنگرەكەی كرد. تێكڕای لایەنە بەشداربووەكانی كۆبوونەوەكە ڕاو سەرنجی خۆیان خستەڕوو سەبارەت بەوەی كە پێویستە گەلی كوردستان ببێتە خاوەنی وتار و ستراتیژییەكی یەكگرتوو لەسەر بنەمای گەیاندنی پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیان و كاركردن بۆ گەییشتن بە چارەسەرێكی سیاسی و ئاشتی و عادیلانەی كێشەی كورد و هێنانەدیی مافە ڕەواكانی.

كۆبوونەوەكە جەختی كردەوە لەسەر گرتنەبەری زمانی دیالۆگ و ئاشتی و پەیڕەوكردنی ڕێوشوێنی دیموكراتیانە و ڕێزگرتنی ئیرادەی گەلی كوردستان لەسەرجەم پارچەكاندا بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندییەكانیان. هەروەها جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كار بۆ سەرخستنی كۆنگرەكە بكرێ دوور لەهەموو جۆرە هەڵوێست و ئایدیۆلۆژییەكی حیزبیی بەرتەسك.

هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە كرا كە كار بكرێت بۆ ئەوەی بڕیار و راسپاردەی كۆنگرە بە شێوەیەكی عەمەلی بێت و لە خزمەتی سەرخستنی كۆنگرە و بەرەوپێشبردنی دۆزی گەلی كورد بێت و هەنگاو بنرێت بۆ بەرەوپێشبردنی مافەكانی مرۆڤ بە گشتی و ئازادییەكان و مافەكانی ژنان بەتایبەتی لە پێناو بەرقەراركردنی كۆمەڵگایەكی دیموكراسی.

هەموو لایەنەكان هاوڕا بوون لەسەر كاركردن بۆ سەرخستنی كۆنگرەو دانانی رێوشوێن و كاری لۆجیستی پێویست بۆ گەیاندنی پەیام و ئامانجەكانی كۆنگرە و دانانی میكانیزمێكی گونجاو بۆ جێبەجێكردن و بەدواداچوونی بڕیار و راسپاردەكانی كۆنگرە. ئامادەبووان جەختیان لەسەر بەشداری كاریگەرانەی ژنان و لاوان و نوێنەرانی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی كردەوەو بە گرنگی بایەخ بە پێكەوەژیانی تێكڕای نەتەوەكانی كوردستان درا.

كۆبوونەكە ئاماژەی بە گرنگیی بەهێزكردنی پەیوەندی حزبە سیاسییە كوردستانییەكان لەسەرجەم پارچەكانی كوردستان كرد و جەخت لەسەر كاری هاوبەشی لایەنە سیاسییەكانی رۆژئاوای كوردستان كردەوە بۆ گەیشتن بە مافە رەواكانی كورد.

لە كۆتاییدا كۆبوونەوەكە بڕیاریدا لێژنەیەكی ئامادەكاری لە ٢١ ئەندام كە نوێنەری سەرجەم لایەنەكانی كوردستان بێت، پێك بێت بۆ ئەوەی لە زووترین كاتدا، كۆنگرە ببەسترێت.