کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆڵەکانی دێموکرات لە ناو شاری سەقز بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد

02:41 - 28 گەلاوێژ 2716

کوردستان میدیا: تێمێکی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لە شاری سەقز بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ٧١ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ناو شاری سەقز چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، تیمێکی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوخۆی وڵات، کە بە مەبەستی کاری تەشکیلاتی و ڕێکخراوەیی ڕۆیشتوونەتەوە ناو خەڵکی کوردستان، لە شاری سەقز بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە و تراکت و پۆستێری تایبەت بەو ڕۆژەیان لە ناو شاری سەقز بڵاو کردووەتەوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو باریەوە ڕایگەیاند، کە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ٢٠ و ٢١ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، لەو شوێنانەی شاری سەقز چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە.

شەقامی سەعدی، چۆمی وەلی‌خان، تەپەی ماڵان، شارەبانی، شاناز، مەیدانی دکتور قاسملوو، پاڕکی کەوسەر و زیندان تراکت و پۆستێری تایبەت بە ٢٥ گەلاوێژیان بڵاو کردووەتەوە و ئەو ڕۆژەیان لە دانیشتوانی شاری سەقز پیرۆزبایی کردووە.

ئەو تێمەی هێزەکانی پێشمەرگە لە لایەن خەڵکی شاری سەقزەوە بە گەرمی پێشوازیان لێکراوە و خەڵک بە گڕ و تێنێکی تایبەتەوە و بەرەوپیری پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتەوە چوونە.

چالاکی و کاری تەشکیلاتیی تێمەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەردەوامە و ئەوەش بووەتە جێگای خۆشحاڵی خەڵکی کوردستان.

کار و چالاکیی تەشکیلاتیی تیمەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات لە ناوخۆی وڵات لە کاتێک دایە کە ڕێژیمی سەرکوتکەری ئیسلامیی ئێران بە هێزێکی زۆر و چەک‌وچۆڵی قورسەوە شارەکانی کوردستانی میلیتاریزە کردووە.