کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە ١٨ میلیۆن کەس لە ئێراندا لە باری دەرونییەوە تێکچوون

14:46 - 24 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: بە وتەی سەرۆکی ئیدارەی تەندروستیی دەروونیی وەزارەتی تەندرووستی، زیاتر لە ١٨ میلیۆن کەس لە خەڵکی ئێران، لە باری ڕەوانی و دەرونییەوە تێکچوون.

ڕۆژنامەی کار و کارگر لە زاری ئەحمەد حاجبییەوە بڵاوی کردەوە، زیاتر لە ٢٣ لە سەد، واتە زیاتر لە ١٨ میلیۆن کەس لە خەڵکی ئێران، تووشی کێشەی دەرونی بوون کە زۆرترینیان نەخۆشیی خەمۆکییە.

بەپێی ئامارەکان لە نێوان ٣ بنەماڵەی نیشتەجێی ئێراندا، یەک بنەماڵە کێشەی دەرونییان هەیە، یان لانیکەم یەکێک لە ئەندامانی ئەو بنەماڵە، کێشەی دەرونیی هەیە و کاریگەریی نەرێنی لە سەر ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەی دادەنێت.

بە وتەی ناوبراو، ئاستی تەندروستیی دەروونی، لە نێو خەڵکی ئێراندا زۆر لە خوارەوەیە و پێویستی بە بەدواداچوونی زیاتر هەیە.

کارناسان هۆکاری سەرەکیی سەرهەڵدانی نەخۆشییە دەروونییەکان لە ئێراندا، بۆ پرسگەلێکی وەک هۆکارە ژێنێتیکییەکان، هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان، شێوازەکانی ژیانی خەڵک، چەندایەتی و چۆنایەتی خزمەتگوزارییەکان و پرسگەلی ئابووری دەگێڕنەوە.

لەم‏بارەوە سەرۆکی نووسینگەی تەندروستیی ڕەوانیی وەزارەتی تەندرووستی، عەباسعەلی ناسێحی، پێشتر گووتبوی، یەکێک لە کێشەکانی ئێمە کە ناتوانین وەک پێویست بەرەنگاری ئاریشە دەرونییەکان ببینەوە ئەوەیە کە؛ خەڵک لە باری ماڵییەوە توانای بەدواداچونی کێشەکانی خۆیان نیە و پشتگوێی دەخەن.