کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لەسەدا ٤٠ی لاوانی خوێندەواری ئێران بێکارن

20:35 - 12 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: بەوتەی بەرپرسانی رێژیمی ئێران، زیاتر لەسەدا ٤٠ی دەرچوانی زانکۆ لە ئێراندا بێکارن و نرخی بێکاریش لە نێو لاواندا، لە ٢٦% زیاترە.

هەواڵدەریی ئیرنا لە زاری وەزیری کارەوە سەرەڕای پژڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە، وتوویەتی: لە ئێراندا زۆربەی خوێندکاران بۆ بڕوانامە دەخوێنن.
لەو پێوەندییەدا ناوەندی ئاماری ئێران بڵاوی کردووەتەوە، نرخی بێکاری لە هاوینی ساڵی رابردوو لە ئێراندا زیاتر لە ١٠% و ژمارەی بێکاران زیاتر لە ٢ میلیۆن و ٦٠٠ هەزار کەس بووە.
ماوەیەک لەوە پێشیش بەرپرسی ناوەندی ئاماری ئێران وتبووی: نرخی بێکاری لە ئێراندا گەیشتووەتە قۆناغێکی قەیراناوی.
نوێنەری شاری ئیلام لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی رێژیمی ئێران رایگەیاندبوو، کە زیاتر لە ١٢ هەزار لاوی ئیلامیی خاوەن بڕوانامەی کارناسی بێکارن و ناوەندە پێوەندیدارەکانی رێژیمیش هیچ هەنگاوێکیان لەمەڕ چارەسەریی ئەو قەیرانە هەڵنەهێناوەتەوە.
ئامارەکانی ئەم هەواڵە بە پشت بەستن بە ناوەندەکانی ئاماری رێژیمی ئیسلامیی ئێرانە و دەشێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیە زێدەتر بێت.