کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیلان ڕۆژهەڵات: ڕێژیمی دیکتاتۆری ئێران بە هەر شێوازێک دژی هۆشیار بوون و بیرکردنەوە و چاوکرانەوەی گەل هەڵدەستێتەوە

16:52 - 8 بانەمەڕ 2719

وتووێژ: بێهزاد قادری

خوێندکاران هەمیشە هاوشانی چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا، ڕۆڵێکی کاریگەریان هەیە لە گۆڕان، ناڕەزایەتی دەربڕین و بەرزکردنەوەی داخوازییەکانی خەڵک بە ڕووی دەسەڵاتدا؛ بۆیە خوێندکاران، بەتایبەت لە وڵاتە دیکتاتۆرەکاندا، زۆر لە گوشاردان. لەم پەیوەندییەدا لەم ڕۆژانەدا هەواڵێک بڵاو بووەوە و باس لەوە دەکات کە خوێندکارانی ئێران، چ لە دونیای واقیعی و چ لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا، بەردەوام لەژێر چاوەدێریی ڕێژیمی ئێراندان و لادان لە یاساکانی ڕێژیم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا، بۆ خوێندکارانی زانکۆکان، سزای توندی بەدواوە دەبێت. بە وتەی یەکێک لە بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئێران، بە هۆی گۆڕانکاری لە ئاییننامەی دیسیپلینی خوێندکاراندا لە ئێستەدا، لادان لە یاساکانی ڕێژیم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، چووتە لیستەی ئەو بابەتانەی کە خوێندکاران لە هەمبەریدا وەڵامدەرن و سزا دەدرێن. ئێستا ئەم پرسیارە دێتە گۆڕێ کە ئایا خوێندکاران لە ئێراندا و بەتایبەت لە کوردستاندا، ئاسایشی کۆمەڵایەتی و کەسییان هەیە؟!

لەم پەیوەندییەدا، ئەم پرسیارە و چەند پرسیارێکی دیکە ئاراستەی بەڕێز "زیلان ڕۆژهەڵات"، چالاکی خوێندکاری لە نێوخۆی کوردستان دەکەین و ئەم وتووێژە دەخرێتە بەر دیدی خوێنەرانی بەڕێزی ماڵپەڕی "کوردستان میدیا".

بە بۆچوونی ئێوە، بۆچی ڕێژیمی ئێران ئەوەندە لەسەر خوێندکاران و چینی ڕووناکبیری کۆمەڵگا هەستیارە؟

خوێندکاران و ڕۆشنبیران لە بەرەی نوێی کۆمەڵگان و بۆیە خاوەن بیر و هەڵوێستێکی نوێن کە لەگەڵ سیاسەت و چۆنیەتیی بیرکردنەوە و داخوازییەکانی دەسەڵات نایخوێنێتەوە، بۆیە دەسەڵات لە هەنگاوی یەکەمدا هەوڵ دەدات بەرەی نوێ له ڕێگەی پەروەردەوە، هاوبیر و هاوڕەنگی خۆی بکات، ئەگەر لەوەدا سەرکەوتوو نەبوو، سەرکوت و گرتنی خوێندکارەکان دەگرێتە بەر.

لەم نێوانەدا، هەستیاریی ڕێژیم لەسەر خوێندکارە کوردەکان بەگشتی و چالاکانی خوێندکاریی کورد لە چ ئاستێکدایە؟

ئەوەیکە هەڵوێستی لاوان و خوێندکارانی کورد هەمیشە لەژێر چاودێریی ڕێژیمی دیکتاتۆریی ئێراندا بووە باسێکی کۆنە، هەر بویەش زۆرینەی ئەو چالاکییەکانەی کە لە لایەن خوێندکاری کورد کرابێت یان بە شێوازێکی شاراوە کراوە یان زۆربەی کاتیش ڕێگە بە ئەنجامدانی چالاکییەکی ئاساییش نەدراوە و هەر چالاکییەکی کە ئاشتیخوازانەش بووبێت و پەیوەندی بە کوردایەتی هەبووبێت ڕێگەی پێگیراوە.

ڕێژیمی ئێران بە چ شێوازگەلێک لەنێو زانکۆکاندا چاوەدێریی خوێندکاران دەکات؟

خوێندکاران لەنێو زانکۆ لەژێر چاودێریی حەراسەت و بەسیجییەکانن و هەروەها شێوازی نوێیان لەسەر لاپەڕە کۆمەڵایەتییەکانە کە چاودێریی خوێندکاران دەکەن و چاوەدێریی پۆلیسی "فەتا"یش کە لە گۆڕێدایە.

ئایا خوێندکاران لە ئێراندا و بەتایبەت لە کوردستاندا، ئاسایشی کۆمەڵایەتی و کەسییان هەیە؟!

هەر خوێندکارێک، به‌تایبەت کوردەکان، هەر چەند بچووکترین چالاکیشی ئەنجام دابێت، بە دڵنیاییەوە بە هەمان ئەندازەش لە ئاسایشی کۆمەڵایەتی بێبەش بووە! چەندین نموونە لەو شێوازە هەیە کە خوێندکارانی کورد بە هۆی چالاکیی مەدەنیشەوە تەنانەت نەیانتوانیوە لە خوێندندا بەردەوام بن.

ئێستا کە تەنانەت چاوەدێریی دانانی وێنەی خوێندکارانیش دەکرێت، ئەم چاوەدێرییانە بە چ مەبەستێکەوە دەکرێت؟

ڕێژیمی دیکتاتۆری ئێران بە هەر شێوازێک دژی هۆشیار بوون و بیرکردنەوە و چاوکرانەوەی گەل هەڵدەستێتەوە، هەر بۆیەش لەو ماوەیەی پێشوو کە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان جێگەیەک بۆ ئاشکراکردنی کێشە و توندوتیژییەکانی ئێران دژ بە جیهان و تاکی کورد بووە، ڕێگە لەویش دەگرن و بە مەبەستی ئاڵۆزی و ترسی هاووڵاتیان و زیاتر چەوساندنەوە و کۆنترۆڵ‌کردنی خوێندکارانە. هەروەها بە دەستێوەردان لەنێو وێنە کەسییەکانیش، بە بیانووی بێ حیجابی و ئەم بابەتانە، شەڕی دەروونییان دروست کردووە و لە بچووکترین شتە کەسییەکانیش پەروەندەی قەزاییت بۆ دروست دەکەن.

کاریگەریی ئەم چاوەدێرییانە لەسەر ژیانی ئاسایی و کەسیی خوێندکاران چۆنە؟

بە دڵنیاییەوە کاریگەریی نەرێنی و تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام هیچ کات ناتوانێت ڕێگە لە بیرکردنەوە و ئازادی و چالاکیی خوێندکاران بگرێت.