کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندانیانی سوننەی گرتووخانەی گەوهەردەشت لەنامەیەكدا ناڕەزایەتیان بە ناوەندەكانی مافی مرۆڤ دەربڕیوە

16:06 - 15 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: زیندانیانی مەزهەبی سوننەی گرتووخانەی گەوهەردەشتی كەرەج لەنامەیەكدا ناڕەزایەتیان لە كاناڵە بیانییەكان و ناوەندەكانی مافی مرۆڤ دەربڕیوە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، ئەو زیندانیانە نامەیەكیان لەمەڕ بایەخ نەدانی كاناڵەكانی دەرەوەی ئێران و ناوەندەكانی مافی مرۆڤ بە زەخت و گوشارەكانی سەر چالاكانی سوننە مەزهەب بڵاو كردۆتەوە.

لەبەشێكی نامەكەدا هاتووە، لەماوەی خولی دەسەڵاتی سەركۆماریی ئەحمەدی نژاد گوشارەكانی وەزارەتی ئیتلاعات بۆ سەر كۆمەڵگەی سوننە مەزهەبەكان لەناوچە كورستانییەكان و بەلووچ نشینەكان رووی لەزیاد بوون كرد و لەخولی یەكەمی سەركۆماریی ئەحمەدی‌نژادا هەشتا كەس لەزانایان و پەیڕەوانی ئەو مەزهەبە لە ئوستانی ورمێ‌و كرماشان دەسبەسەر و بە زیندان حوكم دران.

لەخولی دووهەمی سەركۆماریدا كار گەیشتە ئەو جێگایەی كە دوو كەس لەزانایانی مەزهەبی سوننە بەناوەكانی بورهان عالی و شێخ ئەلسەلام كوژران و لەو رێگایەوە ویستیان لاوەكان و خەڵكی پەیڕەوی ئەو مەزهەبە سەركوت بكەن.
لەبەشێكی دیكەی نامەكەدا نووسراوە، كاتێك كە هێزە ئەمنیەتییەکان دەیانهەویست كەسێك دەسبەسەر بكەن بێ‌ئەوەی كە ئاگادار كردنەوەی پێ‌بدەن، تەقەیان لێ‌دەكرد و دەیانكوشت.
لەنامەكەدا هاتووە، ژمارەیەكی بەرچاو لەپەیڕەوانی مەزهەبی سوننە هەنووكە لە زیندانەكانی رێژیمی ئێران بەتایبەت گرتووخانەی گەوهەردەشتی كەرەج دان و بەشێكیشیان بە ئێعدام مەحكووم كراون.
ئەو زیندانیانە راشیانگەیاندووە، كاناڵە بیانییەكان و ناوەندەكانی مافی مرۆڤ لەو پێوەندییەدا چاوی خۆیان نووقاندووە و هەواڵەكانی چالاكانی مەزهەبی سوننە بڵاو ناكەنەوە و ئێمە بەهەموو توانامانەوە داوا لەو ناوەندانە دەكەین كە پشتیوانی لەمافی ئێمە بكەن.