کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندانییەکی سیاسیی بەلووچ ئێعدام کرا

11:14 - 6 بەفرانبار 2720

"عەبدولحەمید میربەلووچ زەهی" زیندانییەکی سیاسیی بەلووچ لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە ئێعدام کرا.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٦ی بەفرانبار "عەبدولحەمید میربەلووچ زەهی" یەکێک لە ئەندامانی ڕێکخراوی "جەیشولعەدل" لەلایەن کاربەدەستانی ڕیژیمی ئێرانەوە ئێعدام کرا.

"مستەفا نیلی" پارێزەری ئەو زیندانییە سیاسییە ڕایگەیاندووە: "عەبدولحەمید میربەلووچ زەهی" لە کاتێکدا ئێعدام کراوە کە دۆسیەی ناوبراو بۆ ئیعادەی دادڕەسی ڕادەستی لقی پێداچوونەوەی دۆسیەکە کرابوو".

"میربەلووچ زەهی" ڕێکەوتی ٤ی بەفرانبار بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواسترابوو. ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ئیدعا دەکات کە ئەو زیندانییە سیاسییە دەستی لە کوشتنی هێزەکانی سپادا هەبووە.

"عەبدولحەمید" ڕێکەوتی ٧ی سەرماوەزی ساڵی ٩٧ی هەتاوی لە ماڵی خۆی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و دوای لێپرسینەوە بۆ زیندانی زاهیدان ڕاگوێزرابوو.

دواتر ناوبراو لەلایەن دادوەر سەید "ڕەزا جەواد مووسەوی و مێهران بامەری" بە ١٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.

جیا لە "میربەلووچ زەهی" کەسێکی دیکە بە ناوی "جاوید دێهقان" حوکمی ئێعدامی بۆ دەرچوو، هەروەها "مەحموود کلکلی، ئومید ئیمانی و عەلیڕەزا بەمپووری" بە تۆمەتی تەقەکردن لە هێزەکانی سپای ڕێژیم بە ١٥ ساڵ زیندان مەحکووم کران.

تۆمەتی ئەو کەسانە "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی و موحارەبە" بووە.