کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زەمان نایگاتێ

21:28 - 15 پووشپەڕ 2719

کەریم پەرویزی

یەکێک لە تایبەتمەندییە دیار و دەرهەستەکانی کات، بریتییە لەوەیکە هەمووشتێک ماوەدار دەکا و بە تێپەڕینی زەمان، کاتیان بەسەر دەچێ. یان بە واتایەکی دیکە، نوێبوونی دیاردە و رووداوەکان بە کاتەوە بەستراوەتەوە و تێپەڕینی کات، لە نوێبوونیان دەخا و کۆنیان دەکا.

بەڵام هەندێک شتی تایبەت لە مێژوو و ژیانی مرۆڤایەتیدا هەن کە تێپەڕینی کات ناتوانێ لەپەراوێزیان بخا و تۆزی کۆنبوونیان لێ بنیشێنێ. ئەو شتە تایبەتانە فاکتۆری کاتیان تێدا کاریگەری نییە و کاتدار نین!

کارەساتی ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨ی هەتاوی، ١٣ی ژووئیەی ١٩٨٩ی زایینی، لەو رووداوانەیە کە کاتی تێدا قەتیس ماوەتەوە. رێک لەو چرکەساتەدا کاتژمێر راوەستاوە و تێیناپەڕێ.

زەمان لەو چرکەساتەدا مانی گرتووە و چاوەڕێیە. چاوەڕێی پەنجەیەک کە وەگەڕی بخاتەوەو چاوەڕێی دەنگێک کە پێی بڵێ دادپەروەری جێی خۆی گرت و ئیدی دەتوانی تێپەڕی؛ بەڵام ئەو کارەساتە لەو کارەساتانە نییە کە تەنانەت دادپەروەریش بتوانێ تێیپەڕێنێ. هیچ دادێک لە جیهاندا نییە کە کارەساتی وەها تێپەڕێنێ، چوونکە فیشەک بەرەوڕووی هزر و بڕوا کراوەتەوە. هەر وەکوو چۆن لە باخی بەهەشتەوە قابیل بە نامرۆڤانەترین شێوە هابیلی کوشت و تا دونیا دونیایە، کات لەو تاوانە تێناپەڕێ، کات لە ٢٢ی پووشپەڕیش تێناپەڕێ، چوونکە هیچ شتێک نییە لە دونیادا بتوانێ داد بەرقەرار بکا لەو کارەساتەدا. تەقە لە هزر و بڕوا چۆن قەرەبوو دەکرێتەوە؟!

لەوە گرنگتریش ئەوەیە کە کات ناتوانێ بەسەر ئەو هزر و بڕوایەدا زاڵ ببێ. ئەو هزر و بڕوایەی کە لە ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨ی هەتاویدا تەقەی لێ کرا، هزر و بڕوایەکە لە دەرەوەی بازنەی کات.

بڕوا و هزری دوکتور قاسملوو، کاتی و زەماندار نەبوون. ئەو قووڵتر لەوە بیری دەکردەوە کە زەمان بتوانێ تۆزو خۆڵی لەسەرکا. ئەو بیرکردنەوە و بڕوایەی کە دوکتور قاسملوو باسی دەکرد و چوارچێوە و پێکهاتەی بۆ دادەڕشت لەو هزر و بڕوایانە نەبوو کە بۆ ماوەیەک کاریگەریی هەبێ و بەرژەوەندییەکی تاک و گرووپیی تایبەت پێڕەو بکا و دوایە بە دابینبوونی بەرژەوەندییەکە ئیدی بیرکردنەوە و هزرەکەش کاتی بەسەر بچێ.

ئەو لە دەرەوەی بەرژەوەندیی تاک و گرووپی بیری دەکردەوە و بگرە بەرژەوەندیی تاکو گرووپیشی بەوپەڕی فیداکاری و لەخۆبردووییەوە فیدای بیری بەرزی مرۆڤانەی دەکرد تاکوو ژیان بۆ نەتەوەکەی مانا بکاتەوە و خەبات پڕشنگدارتر بکا لە پێناوی گەیشتن بە ئامانجی دواڕۆژدا کە بریتی بوو لە ژیانێک شایانی مرۆڤی کورد لە سەر نیشتمانی رزگارکراوی کوردستان.

ئەو بیری لەو بنەمایانەی ژیان دەکردەوە و دەیگوت کە ئازادی کەرامەت دەدا بە مرۆڤ، دەیگوت کە بەرزترین و پڕبایەخترین پلەی ژیان، ژیانە لە پێناوی ئارمانێکی بەرزی مرۆڤانەدا و ئەساس بۆمان ئینسانە، هەر بۆیە کات نەیتوانیوە و ناتوانێ دەستی بە هزر و بڕوای ئەو بگا و ڕێگای قاسملوو بۆ ئێستە و داهاتووش هەر نوێیە و درێژەی هەیە.