کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٩ ساڵ و شەش مانگ سزای زیندان بەسەر برایانی کوردپووردا سەپا

13:45 - 19 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: پاش ٢٥٠ رۆژ راگیران لە زیندان، حوکمی برایانی کوردپوور لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە راگەیەنرا.

ئاژانسی هەواڵی موکریان بڵاوی کردەوە، رێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی، خوسرەو و مەسعوود کوردپوور دوو رۆژنامەنووسی بەندکراوی کورد سزای زیندان و دوورخرانەوەیان بەسەردا سەپا.
خوسرەو خوسرەوی داواگری یەکێک لەو دوو چالاکەی مافی مرۆڤ رایگەیاندووە: ئەو دوو برایە بەپێی ماددەکانی ٥٠٠ و ٦١٠ی یاسای سزای ئیسلامی بە تۆمەتی \'\'کۆبوونەوە و هەوڵدان لەدژی تەناهیی نەتەوەیی و چالاکیی تەبلیغی لەدژی نیزام\'\' سزای زیندان و دوورخرانەوەیان بەسەردا سەپاوە.
خوسرەوی وتوویەتی: خوسرەو کوردپوور بە تۆمەتی کۆبوونەوە و هەوڵدان لە دژی تەناهیی نەیەوە سزای ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری و بە تۆمەتی چالاکیی تەبلیغیش سزای ١ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاوە.
ئەو داواگرە هەروەها راشیگەیاند: مەسعوود کوردپوور بە تۆمەتی \'\'کۆبوونەوە و هەوڵدان لەدژی تەناهیی نەتەوەیی\'\' سزای ٣ ساڵ زیندانی تەعزیری و بە تۆمەتی \'\'چالاکیی تەبلیغی\'\' سزای شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپاوە.
بەپێی زانیارییەکانی بڵاو بووەوە لە ئاژانسی هەواڵی موکریان، بە گشتی خوسرەو سزای بە ٦ ساڵ سزای زیندانی تەعزیری و موسعوودیش بە ٣ ساڵ و نیو زیندانی تەعزیری مەحکووم کراون.
لەو سزایەدا کە بۆ خوسرەو کوردپوور دیاری کراوە بە مەبەستی پێشگیری لە کەڵکوەرگرتن لە ئەزموونەکانی، ناوبراو بۆ ماوەی دوو ساڵە بۆ کرمان دوور دەخرێتەوە و بەهۆی کێشە ئەمنیەتییەکانی نێو زیندان، زیندانی تەورێز وەکوو شوێنی تێپەڕکردنی حوکمەکەی دیاری کراوە.
داواگران (پارێزەران)ی ئەو دوو چالاکە کوردە ناڕەزایەتیی خۆیان لەهەمبەر سزای دیاریکراو لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە دەربڕیوە.