کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سمکۆ خلقەتی بە هۆی گوشاری ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران زێدی خۆی جێهێشت

11:10 - 17 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: زیندانییەکی سیاسیی کورد خەڵکی شاری مەهاباد، بە هۆی گوشارە بەردەوامەکانی هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران بە ناچاری زێدی خۆی بە جێهێشت.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە "ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا"، بڵاوی کردووەتەوە، سمکۆ خلقەتی، کارناسی ناوکی و زیندانیی سیاسیی کورد کە لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ پاش ٩ ساڵ زیندانی لە زیندانی ناوەندیی شاری تەبەس لە پارێزگای خۆراسانی باشوور، ئازاد کرابوو، ئێرانی بە جێهێشتووە.

سمکۆ خلقەتی لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئەو ئاژانسە هەواڵدەرییە، وێرای پشتڕاستکردنەوی ئەم هەواڵە، ڕایگەیاندووە: "بە هۆی گوشارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد ناچار بە بەجێهێشتنی زێدی خۆم بووم. هاوکات گوشارەکانی مەئموورانی ئیتلاعاتی منی ناچار کرد ئێران بە جێبهێڵم و هەنووکە لە یەکێک لە وڵاتانی ئۆرووپایی ژیان دەکەم".

ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بانەمەڕ، ئەم کارناسە ناوەکییە و زیندانییە سیاسییە لە زیندانی تەبەس ئازاد کرا.

سمکۆ خلقەتی، ٢٨ی بەفرانباری ساڵی ١٣٨٨، کە لە ڕئاکتۆری ئاوی قورس لە ئەراک خەریکی کار بووە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا.

ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە، دەرچووی بەشی متالۆژیــی زانکۆی سەنعەتی شەریفی تارانــە، کە لە لایەن دادگای ئینقلابی ئەراکەوە بە تاوانی هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نیشتمانی لە ڕێگای ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە ١٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

حوکمی زیندانی ئەم زیندانییە کوردە، لە دادگای پێداچوونەوە پەسەند کراوە و لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٢ش لە دیوانی باڵای وڵات حوکمەکەی پەسەند کرا.

لە هاوینی ساڵی ٩٤ لە سەر داواکاریی سمکۆ خلقەتی و بە ئامانجی گەڵاڵەی کاریگەرتر دوای بەکار بردنی مادەی ١٣٤"تجمیع احکام"، بۆ زیندانی تەبەس گوازرایەوە و دواتر لەگەڵ ئەو مادەیە دژایەتی کرا.

ئەم کارناسە ناوکییە لە زیندانەکانی ئەراک، ئەوین، ڕەجایی‌شاری کەرەج و تەبەسدا ماوەی حوکمەکەی خۆی تێپەڕاندووە.