کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سمینارێک لە سەر شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمی ئێران لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو

15:53 - 15 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەمەڕ شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمی ئێران، سمینارێکی لەسەر بەشداریی ژنان لە هەڵبژاردنەکان لە شاری هەوڵێر، بەڕێوە برد.

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە شاری هەوڵێر بە بەشداریی چەند لایەنەکی سیاسی و هەروەها چەندین چالاکی مافی ژنان، سمینارێکی لەژێر ناوی بەشداریی ژنان لە هەڵبژاردنەکانی ئێراندا، ڕێک‏خست.

سەرەتای سمینارەکە بەچەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ‏کرد.

ئەم سمینارە لە سێ بەش پێک‏هاتبوو کە سەرەتا فاتمە عوسمانی سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بابەتێکی لە سەر بەربەستەکانی بەردەم ژنان لە ڕێژیمی ئێراندا پێشکەش کرد و لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ژنانی ئێران ناتوانن بەو مافانەی کە یاسای ڕێژیمی ئێران بۆی داناون، خۆیان بە ئازاد بزانن و بتوانن لە دنیای ئەمڕۆدا، باس لە ئازادیی و فێمێنیست بوون بکەن.

لە بەشی دووهەمی سمینارەکەدا فەریبا محەممەدی ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و بەرپرسی ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد، تیشکی خستە سەر بەشداریی سیاسیی تاکەکان لە کۆمەڵگا و هەروەها تاکی کورد و بەتایبەت ژنی کورد و گوتی کە؛ کۆماری ئیسلامیی ئێران کە یاسای دەستووری وڵاتەکەی لەسەر ئیسلام، کە خۆی لە زۆربەی ڕوانگەکانیەوە دژە ژنە نووسراوە، ناتوانێ ئەو مافانە کە ساڵەهای ساڵە ژنان خەباتی بۆ دەکەن، دابین بکات و بۆیە ڕۆڵی ژنان لە واقێعدا لە ڕێژیمی ئێران، لە ئاستی سیفر دایە.

لە کۆتایی سمینارکەدا بەشداربووان ڕا و بۆچوونی خۆیان لەسەر بابەتەکان خستەڕوو و لە لایەن کۆڕگێڕانی سمینارەکەوە وەڵامیان درایەوە.