کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سمینارێک لەسەر کوردستانی ڕۆژهەڵات لە سوید بەڕێوە چوو

11:54 - 19 خاکەلێوه 2722

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٨ی خاکەلێوەی ١٤٠١ سمینارێک لەسەر کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە هاوکاریی حیزبی سوسیال دێموکراتی سوید ڕێکخرا.

 لەلایەن بەڕێوەبەری سمینارەکە "سەرکان کویسە" پارلمانتاری سەر بە حیزبی سوسیال دێموکراتی سوید بە شێوەی پانێل دەستی پێ کرد. لەو پانێلەدا  نوێنەری هەر  چوار حیزبەکان وتاریان لە سەر هەلومەرجی کوردستانی ڕۆژهەڵات پێشکەش کرد.

لەم سمینارەدا "ئاسۆ ساڵح" بەرپرسی ڕاگەیاندنی حیزب لە دەرەوەی وڵات بە نوێنەرایەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشداری کرد و بابەتێکی پێشکەش کرد.

ناوبراو لە بابەتەکەیدا بارودۆخی خەڵکی کورد و ئۆکراینی هەڵسەنگاند و خاڵە هاوبەش و جیاوازەکانی بزوتنەوەکانی ئەم دوو بەشەی لێکدایەوە. 

"ساڵح" لە بەشێک لە باسەکەی ئاماژەی بە پشتیوانیی نێونەتەوەیی وەکوو گرینگترین خاڵی جیاوازیی خەڵکی کورد و ئوکراین کرد و وتی: "لەگەڵ ئەوەیکە زۆرتر لە ١٠٠ ساڵە خەباتی کورد بە ڕێکخراوەیی کراوە، بەڵام هێشتاش تەنانەت ناتوانین بە زمانی خۆمان بخوێنین".

بەرپرسی ڕاگەیاندنی حیزب لە دەرەوەی وڵات لە درێژەی باسەکەی وێڕای ئاماژە بە ئاماری پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە وتی: "لەوانەیە بزوتنەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ئێستا دەسکەوتی کەمی بێت، بەڵام ئەو فیداکارییانە کە لەم ڕێگەوە کراون نابێ لەبیر بکەین". 

نوێنەری حیزب لە پانێلەکە هەروەها وتی: "ئێمە پێمان وایە کە دێموکراتیزاسیۆنی ئێران دەتوانێ ڕێگایەکی ئاشتیخوازانە و درێژخایەن بێت بۆ چارەسەریی پرسی کورد لەم وڵاتە؛ بەڵام سەرەڕای ئەوە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە وڵاتانی ڕۆژاوایی لایەنگری ئاشتی و دێموکراسین، بەڵام هێشتاش عەلاقەیەک بۆ پشتیوانی لە خەباتی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە نێویاندا نابیندرێت".

"ئاسۆ ساڵح" لە کۆتایی باسەکەیدا وێڕای ئاماژە بە وتووێژە ناوەکییەکانی ئێران جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە جاری پێشوو لابردنی گەمارۆکان لەسەر ئێران بووە هۆی ئەوەیکە پشتیوانییەکانی ڕێژیم لە گرووپە تێرۆریستیەکان و پرۆژە مووشەکییەکانی پەرە بستێنن، بۆیە ڕێککەوتننامەی ناوکی ناتوانێ ببێتە هۆی پەرەسەندنی هێزە دێموکراتیکەکانی نێو وڵات، بەڵکوو بەپێچەوانە دەبێتە هۆکاری سەرکوتی ئەم هێزانە".

 نوێنەرەکانی دیکەی پانێل لەسەر مەسەلەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە وەک گرتن و ئەشکەنجەدانی لاوانی کورد، ڕادەی بەرزبوونەوەی بێکاری لە کوردستان، نەبوونی دەوا و دەرمان و بنکەی تەندروستی و چارەسەرنەکردنی کێشەی کۆرۆنا بوو.

باس لە نەبوونی ئاوی خواردنەوە، تێکدانی ژینگەی کوردستان، میلیتاریزەکردنی کوردستانی ڕۆژهەڵات لەلایەن ڕێژیمەوە، کوشتنی کۆڵبەران کرا.

هەڵەواردنی کەمینە مەزهەبییەکان و ئاژاوەنانەوەی ڕێژیم لەنێو خەڵکی کوردستان، بڵاوکردنەوەی مادە سڕکەرەکان و گرتنی مامۆستایانی زمانی کوردی وەک زارا محەممەدی و هاوڕێیانی، گرتنی چالاکوانانی مەدەنی و ژینگەیی، کوشتن و تێرۆری  چالاکانی سیاسی لەنێوخۆ و دەرەوەی کوردستان باسێکی دیکەی سمینارە بووە

قەیرانی ئابووری و هەڵاوسان  لە کوردستان و ئێران، هەڕەشەی ڕێژیم لە کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی نیشتەجێ لە کوردستانی باشوور، تێرۆری چالاکوانانی کوردی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان، خەرجکردنی  داهات و پارەی ئێران بۆ کاری تێرۆریستی و دانی بە میلیشیا شیعەکانی عێراق، سووریە، یەمەن و لوبنان.

ناردنی سیخوڕ بۆ وڵاتانی ئورووپایی، بڵاوکردنەوەی ئیدئۆلۆژیی شیعەگەرایی بۆ دەرەوەی ئێران.

سەرەڕای ئەوەی ئەندامانی حیزب و هەیئەتی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە سوید. نوێنەری ئەو چوار حیزبە بەشدار بوون

هاو کات نوێنەری یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، پارتی دێموکراتی کوردستان،  بەرپرسی فێدراسێیۆن و چەند ڕێکخراوی تر بەشداری ئەم سمینارە بوون. ئامادەبووانی سیمینارەکە چالاکانە بە پرسیار و پێشنیاری بەشداری سمینارەکە بوون.

گرینگی ئەم سمینارە ئەوە بو کە پەیامی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ڕێگای سوسیال دێموکراتەوە بە پارلەمان و وەزارەتی دەرەوەی سوید بگەیەنن.

داواکاریی ئەم حیزبانە لەم سمینارەدا لە وڵاتی سوید بریتی بوون لەم چەند خاڵەی خوارەوە:

یەکەم؛ پشتیوانیی سیاسی و مافی نەتەوایەتی خەڵکی کورد بکەن لە کوردستانی ڕۆژهەڵات

دووەم؛  پرسی کورد بگەیەنە ناوەندی یەکیەتیی ئورووپا و نەتەوەیەکگرتووەکان UN

سێهەم؛ پێشگیری بکەن لە دروستکردنی چەکی ناوکی لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کە دەبێتە هەەشەیەکی گەورە بۆ ناچەکە و تەواوی جیهان.