کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سمینارێک لەژێر ناوی جووڵانەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە هەولێر بەڕێوە چوو

00:06 - 25 گەلاوێژ 2716

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ٧١ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری هەولێر سێمنارێک لەژێر ناوی جووڵانەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەڕێوە چوو.

ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٢٤ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، سێ ڕێکخراوی یەکیەتییەکانی لاوان، ژنان و خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، ٧١ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سمیناڕێکیان لە هۆڵی کتێبخانەی زەیتون، لە شاری هەولێر، بەڕێوە برد.

لەو سمینارەدا ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات، کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات و چەندین رێکخراوی لاوان و خوێندکاران، لە هەر چوار بەشی کوردستان، بەشدار بوون.

لەو سمینارەدا حەسەن شەرفی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پەرویز ڕەحیم‌قادر مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر و هەروەها عەلی عەونی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دێموکراتی کوردستان، لە سەر بابەتی دیاریکراوی سمینارەکە، بابەتەکانی خۆیان پێشکەش بە بەشداربووان کرد.

سەرەتای سمینارەکە، بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

سەرەتا حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە سەر بابەتی مێژوو و هەڵوێست و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات بۆ بەشدارانی سمینارەکە چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

شەرەفی لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد؛ بوونی ئێوە لەو سمینارەدا، دەرخەری ئەوەیه کە هەمووتان پشتیوانی لە جووڵانەوەی ئێمە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکەن.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی کە؛ باس لە دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خەباتی ٧١ ساڵە و سیاسەت و فیداکاریی پێشمەرگە و ئەندامەکانی حیزبی دێموکرات، لە چەند سات و کات‌دا، باس ناکرێت، و وەک ئەوە وایە دڵۆپێک لە دەریا هەڵگیرێتەوە.

جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات، باسی لەوە کرد کە؛ دامەزرانی حیزبی دێموکرات و دواتر ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان، خۆی وەدیهێنەری زۆر هێمای نەتەوەیی وەک پێشمەرگە، سروودی میللی، ئاڵای کوردستان و کۆمەڵێک بەهای دیکە بوون، کە ئێستاش هەر نەتەوەی کورد شانازیی پێوە دەکات.

پاشان، پەرویز ڕەحیم قادر، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین، لە سەر ڕاسانی ڕۆژهەڵات (گرێدانی خەباتی شاخ و شار) قسەی کرد.

ڕەحیم قادر باسی لەوە کرد کە؛ باسی ڕاسان قسە و باس زۆر لەخۆ دەگرێت، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، هەردەم پەراوێز گرینگتره لە ناوەرۆک.

ناوبراو گوتی کە؛ ڕاسان زۆر پرسی هێنایە گوڕی، و چۆن هاتە کایەی سیاسییەوە، خۆی خوێندنەوەی قووڵی پسپۆڕە کوردەکانی هەرچوار بەشی کوردستان، ئورووپایی و ئامریکایی بوو، ڕاسان پاش ئاڵوگۆڕە ناوچەییەکان و گۆڕانی نەخشەی جوغرافیایی هاتە کایەوە.

پەرویز ڕەحیم قادر، هەروەها باسی لەوە کرد کە؛ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەبێ شانازیی بەوە بکات کە خۆی لەو دۆخەی ئێستادا دەستی داوەتە خەبات و لە دەرگای ڕۆژهەڵات دەدات.

ڕەحیم قادر لە درێژەی قسەکانیدا گوتی؛ دوو وشەی شاخ و شار، تەنیا دوو وشە نەبوو، کە سکرتیڕی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامی نەورۆزیی خۆیدا باسی لێوە بکات، بەڵکوو خوێندیەوەی قووڵی بۆ کرابوو.

ناوبراو لە بەشی کۆتایی قسەکانیدا گوتی کە؛ دەبێ کورد ببێتە بکەری سیاسی، نەک فاکت، چوونکە ئەگەر ببێتە فاکت، ئەوە وەک ڕابردوو تووشی زیان و خەسار دەبێت.

لە بەشێکی دیکەی ئەو سمینارەدا، عەلی عەونی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دێموکراتی کوردستان، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

عەونی لە قسەکانیدا سەرەتا باسی لەوە کرد کە؛ ئێمە هەموو کوردین بە هەر جیاوزاییەکی ئایینی، زمانی و ناوچەیی کە هەمان بێت، ئێمە بۆ نەتەوەی کورد خەبات دەکەین و یەک خاکمان هەیە، ئەوەیش خاکی کوردستانە.

ناوبرا وێڕاوی پیرۆزبایی ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکرات بە هەموو ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، باسی لەوە کرد کە؛ دامەزراندنی حیزبی دێموکرات شتێکی ڕێکەوت نیە، بەڵکوو زەروورەتی مێژوویی ئەو حیزبەی دامەزراند، بە بیری نەتەوەیی و دێموکراتیکەوە.

عەلی عەونی لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە؛ حیزبی دێموکرات ٢٣ ساڵ بە شێوەی سیاسی خەباتی کرد و ئەگەرچی خەباتی چەکداریی وەلا نەنا، و ئێستاش نەیناوە، کە ئەوە خۆی جێگای سەرنجە و دەبێ پڕ بەها چاوی لێ بکەین.

ناوبراو لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی کە؛ خەباتی چەکداری لە هەموو پارچەکانی کوردستان عەینی ئازادییە، چوونکە دوژمن خاکی ئێمەی داگیر کردووە، بۆ ئەوەیکەی داگیرکەریش لە خاکمان دەربکەین، پشتیوانی و یارمەتی لە هەموو لایەن و دەوڵەتێک قەبووڵ دەکەین.

کۆتایی سمینارەکە بە پرسیار و تێبێنی بەشداربووان کۆتایی پێهات.

سمینارێک
سمینارێک لەژێر ناوی جووڵانەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە هەولێر بەڕێوە چوو

سمینارێک
سمینارێک لەژێر ناوی جووڵانەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە هەولێر بەڕێوە چوو

سمینارێک
سمینارێک لەژێر ناوی جووڵانەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە هەولێر بەڕێوە چوو

سمینارێک
سمینارێک لەژێر ناوی جووڵانەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە هەولێر بەڕێوە چوو

سمینارێک
سمینارێک لەژێر ناوی جووڵانەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە هەولێر بەڕێوە چوو