کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سووتاندنی دەرەجەدارێکی رێژیم لەشاری كامیاران لەلایەن ماتۆرسوارێكەوە

16:04 - 8 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: لەئەنجامی ئەزیەت و ئازاری پۆلیسێكی هاتووچۆ لەشاری كامیاران بۆ سەر هاووڵاتیانی كورد، ماتۆرسوارێك ئاگری لەو دەرەجەداری رێژیم بەردا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رێكەوتی ٦ی پووشپەڕ لەشەقامی تەرەوەرێز و لەنزیك كۆڵانی محەممەد رەسووڵەڵڵا دەرەجەدارێكی پۆلیسی هاتووچۆ بەناوی چراغی لەگەڵ ماتۆرسوارێك كێشەیان بۆ دێتە پێش و لەئەنجامدا ماتۆرسوارەكە شیلەنگی بەنزینی ماتۆرەكەی كردۆتەوە و ئاگری لەو دەرەجەدارە بەرداوە.
شایەتحاڵان لەو باوەڕەدابوون، چراغی بەبێ‌هیچ هۆیەك بیانووی بەو ماتۆرسوارە گرتووە و داوای مۆڵەتی لێ كردووە و ئەمە لەحاڵێكدایە كە ئەو ماتۆر سوارە سەرجەم رێنماییەكانی هاتوچۆی پاراستبوو.
بەوتەی هاووڵاتیانی شاری كامیاران، ئەو دەرەجەدارە بە بەردەوامی و بە بێ‌هیچ هۆیەك بیانوو بە شۆفێران دەگرێ‌و ئەزیەتیان دەكات.
ئەو ماتۆرسوارە دوای ئەوەی كە تووشی ئەو كێشە بووە، ماتۆرەكەی بە جێ‌هێشتووە و هەڵاتووە و ئەو دەرەجەدارەش هەنووكە لەنەخۆشخانەی شاری كامیارانە و بەشێك لە جەستەی سووتاوە.