کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوید؛ وێبینارێک بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان بەڕێوە چوو

16:44 - 30 سەرماوەز 2721

کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید، شەوی شەممە ڕێکەوتی ٢٧ی سەرماوەز، وێبینارێکی لە ڕێگای تۆڕی کۆمەڵایەتیی زوومەوە بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان بە بەشداریی "بابەعەلی مێهرپەروەر" کەسایەتیی سیاسی و ئەندامی پێشووی ڕێبەریی حیزب، "مامۆستا حەسەن واژی"  کادری حیزب و "مستەفا مەناف" فەرماندەی حیزب بەڕێوە برد.

دەستپێکی وێبینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

سەرەتا لەلایەن "ئاوارە جەلالی" پێشکەشکاری بەرنامەکە، بەخێرهاتنی بەشداربووان کرا و لە دەستپێکی وێبینارەکەدا داوا لە "ئەبوبکر ڕحمانی" بەرپرسی کۆمیتەی گشتی کرا کە پەیامی کۆمیتە پێشکەش بکات.

پاشان داوا لە "بابەعەلی مێهرپەروەر" کرا کە بابتەکەی کە لەسەر کوردستان و ئێران و ناوچەکە بوو پێشکەش بکات. ناوبراو بە وردی سەبارەت بە هەلومەرجی ئێران و ناوچەکە و دۆخی نالەباری ئەمڕۆی خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە نێوخۆی ئێران و مانگرتن و خۆپیشاندانەکانی گەلانی ناڕازی سەبارەت بە دۆخی بژێوی و گرانی و هەڵاوسان هەروەها بە ئاژاوەگێڕی لەژێر ناوی "شیعەگەری" لە وڵاتانی عەرەبی و لە هەمووی گرینگتر هەوڵی ڕێژیم  بۆ دروستکردنی چەکی ناوکی کرد.

ناوبراو لە بەشێکی تردا باسی لەسەر گەورەیی و لەخۆبوردویی هێزی پێشمەرگە کرد و هەوڵ و تێکۆشانی بێوچانی کوڕان و کچانی پێشمەرگەی  بەرز نرخاند. هەروەها جەختی لەسەر یەکڕیزی و یەکگرتنی هەر دوو لایەنی دێموکرات کردەوە.

لە بەشێکی دیکەی وێبینارەکەدا مامۆستا "حەسەن واژی" کادری دەزگای ڕێکخستنی حیزب لە کوردستان باسێکی سەبارەت بە پێناسەی پێشمەرگە و بیر و هێزی پێشمەرگە پێشکەش کرد.

ناوبراو لە باسەکەیدا پەرژایە سەر بارودۆخی ئێستای پێشمەرگە کە دەبێ زیاتر خۆی دەر بخات و بەربەرەکانێکان دەبێ توندوتۆڵتر بکرێن و وتی: "نەرمینواندن و سیاسەتی دێموکراتیک لەگەڵ ڕێژیمێکی تۆتالیتێر لە جێگای خۆیدا نییە، بۆیە دەبێ هەموومان بە یەکەوە بۆ سەرخستنی داوا ڕەواکانمان تێبکۆشین و خەباتەکە ببەین بۆ قۆناغێکی تر کە کاریگەریی زیاتری لەسەر دوژمن هەبێت".