کوردستان میدیا: کۆمیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شارەکانی سوید بە سەردانکردنی بنەماڵەی شەهیدان، پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان نوێ کردەوە.
ڕۆژی شەممە و یەکشەممە ١٠ و ١١ی خاکەلێوە، شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە "ئێسکیلستۆنا"، بە سەرپەرستی "حەبیب بەهرامی" بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لەو شارەدا، سەردانی بنەماڵەی شەهیدانی نیشتەجێ لەو شارەیان کرد.
لەو سەردانەدا لەوحە و چەپکەگوڵی ڕێزلێنان، پێشکەش بە بنەماڵەی شەهیدان کرا و هاوکات بەڵـێنی و پەیمان لەگەڵ خوێنی ئاڵ و ڕێبازی پاک و کوردایەتی شەهێدان نوێ کرایەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی خاکەلێوە کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری "لینشۆپینگ" بە سەرپەرەستیی "حاتەم ئەلیاسی" بەرپرسی کۆمیتە لەو شارەدا، بە مەبەستی بەرزڕاگرتن و ڕێزگرتن لە بنەماڵەی شەهیدان، سەردانی بنەماڵەی چەند شەهیدێکی حیزبیان کرد و لەوحەی ڕێزلێنانیان پێشکەش بە بنەماڵەی شەهیدان کرد.
لەو سەردانانەدا بنەماڵەی شەهیدان خوشحاڵیی خۆیان بەرانبەر بەو سەردانانە دەربڕی و سپاسی کۆمیتەی حیزبیان لە شاری لینشۆپینگ کرد.