کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوئێد پشتیوانیی خۆی لە نەتەوەی کورد دووپات کردەوە

11:29 - 16 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: هەیئەتی نوێنەری پێوەندییەکانی حیزبی دیموکرات لە وڵاتی سوئێد، لەگەڵ "فرێدریک ماڵم" کۆ بووەوە و چەندین پرس، بەتایبەتی پرسی کورد تاوتوێ کرا.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی، "حەمید تەیموری" و "جەمیلە حەسەنخاڵی"، هەیئەتی نوێنەری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوئێد، چوونە پارلمانی ئەو وڵاتەوە.

لەو سەردانەدا، هەیئەتی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات چاویان بە نوێنەری نێونەتەوەیی حیزبی لیبراڵ، "فرێدریک ماڵم" (Fredrik Malm) کەوت.

 لەم دیدارەدا کۆمەڵێک باسی گشتیی ئێران و ناوچەکە و کوردستانی ڕۆژهەڵات تاوتوێ کرا.

سەرەتا باسێکی کورت لەسەر کوردستانی ڕۆژئاوا، هێرشی تورکیە و حوزووری زلهێزەکان لەو ناوچەیە خرایە بەر باس.

لەو پێوەندییەدا، "ماڵم" باسی چەند خاڵێکی کرد، لەوانە: "هاوپەیمانیی ئەسەد، ڕووسیە و ئێران لە لایەک و چوون و هاتنەوەی ئامریکا و یاریکردن بە پرسی کورد و هێرشی تورکیە بۆ کوردستانی ڕۆژئاوا".

ناوبراو باسی لەوە کرد، وڵاتانی ڕۆژئاوایی دژی هێرشی تورکیە وەستانەوە و بە جۆرێکیش ئامریکا گەڕایەوە بۆ ناوچەکە. بەو جۆرەی تورکیە هەڕەشەی دەکرد، بۆی نەچووە پیش و پێشیان پێگرت.

هەیئەتی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات باسی لەوە کرد، ئەو سپایەی سووریە بە هاوکاریی ڕووسیە چوونەتە ناوچەکە، زۆرینەی پاسدارانی ئێرانی و حیزبوڵڵا و بەشێکیشی حیزبە توندڕەوە ئیسلامییەکانن کە بۆ ئاژاوەگێڕی گەڕاونەتەوە بۆ ڕۆژئاوا.

هەروەها باسی کێشەی ئێران کرا کە بە ئاشکرا پشتیوانی لە سووریە و حیزبوڵڵا دەکات و هەڕەشە لە ئیسرائیل و هێزی بیانی لە ناوچەکە دەکات.

هاوکات به هاتنی "قاسم سلێمانی" بۆ بەغدا دەیانهەوێت وەکوو سپای پاسداران لە نێوخۆدا، هانی حەشدی شەعبی بدەن کە خۆپێشاندانەکانی عێراق سەرکوت بکەن.

ڕێژیمی ئاخوندی دەیەوێت بە ئاشکرا لە بەغدا بڕیاردەر بن، هەر بۆیە دروشمی خەڵکی عێراق دەرکردنی سپای پاسداران و حەشدی شەعبی و دەسەڵاتی ئێرانە لە عێراق. یان سووتاندنی کۆنسولخانەی ئێران لە کەربەلا و نەجەف و بەسرە نیشانەی دژایەتیی خەڵکی عێراقە بەرانبەر بە ڕێژیمی ئاخوندی.

هەروەها باس لە کێشەی کوردستانی ڕۆژهەڵات و نەبوونی بژێویی ژیان، کوشتنی کۆڵبەران، پەرەسەندنی ئێعدامەکان، بەرزبوونەوەی ڕادەی خۆکوژی لە کوردستان لەبەر کێشەی کۆمەڵایەتی، بێکاری و گوشاری ژیان، ئێعدامی منداڵان و لاوان وئاژاوەنانەوەی ڕێژیم لە نێوان نەتەوەکانی ئێراندا کرا.

هەیئەتی حیزب، سپاسی "فرێدریک ماڵم"یان کرد کە هەردەم لەبارەی کێشەی کورد لەسەر هێڵدان و پشتیوانیی خۆی بۆ کوردان دەردەبڕێت و لە خۆپێشاندانەکاندا ئامادە دەبێت.

لە کۆتاییدا داوا لە ناوبراو کرا کە وەک لیبراڵ چالاکتر بن و کێشەی کورد زەق بکەنەوە.

ناوبراو ئامادەیی خۆی دەربڕی کە چ وەک تاک و چ وەک نوێنەری حیزبەکەی، پشتیوانی لە داوای ڕەوای خەڵکی کورد بکەن.