کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سکرتێری گشتی حیزبی دێموکرات سەردانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانی کرد

16:50 - 11 گەلاوێژ 2716

کوردستان میدیا: مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەردانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانی کرد و لە سەر پرسەکانی ناوچە ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٠ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات، سەردانی سەلاحەدین بەهائودین ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی و ئەندامانی ئەنجوومەنی جێبەجێ‌کردنی یەکگرتوویان کرد و لە لایەن هەیئەتی یەکگرتوو، بە سەرپەرەستی سەلاحەدین بەهائودینەوە پێشوازییان لێ کرا.

لەم دیدارەدا مستەفا هیجری پیرۆزبایی بەستنی کۆنگرەی یەکگرتوو و هەڵبژێرانی مامۆستا سەلاحەدین بەهائودینی وەک ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو کرد و هیوای دەربڕی کە یەکگرتووی ئیسلامی بتوانێ بە هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی، وێڕای پاراستنی هاوسەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان، یارمەتیدەریان بێت بۆ تێپەڕبوون لە چەقبەستوویی کێشەکانی نێوانیان، بە مەبەستی وەڵامدەر بوون بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەل قەیرانەکانی ناوچە و تێپەڕبوون لەو قۆناغە هەستیار و دژوارەی کە گەلەکەمان تێیدایە.

دواتر دوو لایەن وێڕای تاوتوێ‌کردنی بارودۆخی جووڵانەوەی کورد لە هەرکام لە بەشەکانی کوردستان و مەترسییەکانی بەردەم گەلی کورد و پێشهاتە سیاسییەکان، جەختیان لە بەردەوامیی پێوەندی و هاوکاریی نێوانیان لە پێناو پاراستنی تەبایی و خزمەت بە خەڵکی کوردستان کردەوە.

سکرتێری
سکرتێری گشتی حیزبی دێموکرات سەردانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانی کرد

سکرتێری
سکرتێری گشتی حیزبی دێموکرات سەردانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانی کرد