کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیهەمین ساڵڕۆژی تێرۆری شەهید دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی لە کانادا یاد کرایەوە

12:17 - 20 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بە بۆنەی سیهەمین ساڵڕۆژی شەهیدکردنی ڕێبەری زانای گەلی کورد، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی، لە ڤییەنی پێتەختی ئۆتریش، گردبوونەوەیەکی جەماوەری، بە مەبەستی مەحکوومکردنی ڕێژیمی تێرۆریستپەروەری کۆماری ئیسلامی و سەرکۆنەکردنی دەوڵەتی ئۆتریش و هەروەها هاودەنگی لەگەڵ ڕێپێوانی مەزنی بروکسێل، بەڕێوە چوو.

بە بۆنەی سیهەمین ساڵڕۆژی شەهیدکردنی ڕێبەری زانای گەلی کورد، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی، لە ڤییەنی پێتەختی ئۆتریش، ڕۆژی سێشەممە، ١٨ی پووشپەڕ، گردبوونەوەیەکی جەماوەری لە لایەن کۆمیتەی حیزب لە ڕۆژئاوای کانادا، بە مەبەستی مەحکوومکردنی ڕێژیمی تێرۆریستپەروەری کۆماری ئیسلامی و سەرکۆنەکردنی دەوڵەتی ئۆتریش و هەروەها هاودەنگی لەگەڵ ڕێپێوانی مەزنی بروکسێل، بەڕێوە چوو.

سەرەتای گردبوونەوەکە، بە سرودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی کوردستان و بەتایبەت شەهیدانی ڤییەن، دەستی پێکرد. پاشان بەیاننامەی ئامادەکراوی گردبوونەوەکە بە زمانی ئینگلیزی، لە لایەن "هەڵمەت پاڵانی" خوێندرایەوە. لەو بەیاننامەیەدا، وێڕای ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە تێرۆری قەت لەبیرنەکراوی ڤییەن و ئاماژە بە تایبەتمەندییە ئاشتیخوازانەکانی شەهید "دوکتور قاسملوو"، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و هەروەها حکوومەتی ئەو کاتی ئۆتریش شەرمەزار و ڕیسوا کران.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتبوو کە ئەگەر دەوڵەتی ئەوکاتی ئۆتریش و دەزگا قەزاییەکەی، ئەرکی خۆیانیان به‌ دروستی جێبه‌جێ كردبا و فەرماندەران و ئەنجامدەرانی ئەو تێرۆرەیان لەقاو دابا، ڕەنگە دواتر بینەری تێرۆرەکانی پاش ئەو تێرۆرە نەباین و ئورووپا به‌و شێوه‌یەی ئێستا نه‌بوایه‌ته‌ مه‌یدانی تێرۆر و تۆقاندن و ڕمبازێنی ڕێكخراوه‌ تێرۆریسته‌ ئیسلامییه‌كانی هاوهشێوه‌ی ئێران.

بەیاننامەکە لە کۆتاییدا سێ داوای سەرەکیی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی ئۆتریش کردبوو کە بریتی بوون لە:

١- ده‌وڵه‌تی ئۆتریش به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رپرسانه‌ و به‌پێی له‌به‌ر ده‌ستدابوونی به‌ڵگه‌ی ڕوون، په‌روه‌نده‌ی ئه‌م تێرۆره‌‌ بكه‌نه‌وه‌ و ئیزن بده‌ن دادپه‌روه‌ری بگاته‌ ئاكام.

٢- هه‌موو به‌ڵگه‌كانی پەیوه‌ندیدار به‌م تێرۆره‌ ئاشكرا بكه‌ن و چیدی سەرپۆش لەسەر جینایه‌ته‌كانی ڕێژیم دانەنێن.

٣- ده‌وڵه‌تی ئۆتریش بۆ كڕینه‌وه‌ی ئیعتباری خۆشی بووبێت‌، داوای لێبووردن له‌ بنه‌ماڵه‌ی قوربانییانی ئه‌و تێرۆره‌ و گه‌لی كورد بكات.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا، دەقی ئەو بەیاننامەیە بە زمانی کوردی، لە لایەن "سۆهراب کەریمیـ"ـیەوە خوێندرایەوە.

 دوابەدوای ئەو، پەیامی حیزب کە بە بۆنەی ٣٠ ساڵەی شەهیدکرانی ڕێبەری مەزنی کورد، دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی ئامادەکرابوو، بە زمانی ئینگلیزی پێشکەش کرا.

لە ماوەی ئەو کۆبوونەوەیەدا، سەدان نوسخەی چاپکراوی پەیامی حیزب لەگەڵ برووشوورێکی تایبەت بە ژیان و سیاسەتی دوکتور قاسملوو، درا بە دەستی خەڵکی ڤانکۆڤەر و ڕێبوارانەوە.

لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، هەیئەتێکی کۆمیتە، پێکهاتوو لە "سمایل ئیبراهیمی، دیاکۆ خەیات و کەیومەرس بەیگی"، وێڕای دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ "دەیڤید هەیبر"، سەرکونسولی ئۆتریش لە ڤانکۆڤەر و شیکردنەوەی بابەتەکە، بەیاننامەی گردبوونەوەکەیان ڕادەستی ناوبراو کرد.

"هەیبر" لە دیدارەکەدا، وێڕای ئاماژەکردن بە ئاگاداربوونی خۆی لە جینایەتی ڤییەن، بەڕێزەوە نامەکەی لە هەیئەتی کۆمیتە وەرگرت و بەڵێنیی دا کە بە زووترین کات بینێرێت بۆ کاربەدەستانی سەرەوەی خۆی.