کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمنارێک بەبۆنەی یادی سێ ساڵەی ڕێفراندۆمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی، لە ئاڵمان بەڕێوەچوو

17:45 - 5 رەزبەر 2720

ڕۆژی هەینی ٤ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی، لەلایەن فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی ئاڵمان کۆڕێکی تایبەت بەبۆنەی یادی سێ ساڵەی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە شاری ''ئیبێن بۆرن'' بە بەشداریی شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوەچوو.

ئەو سێمینارە لە چوار پانێلدا پێکهاتبوو و یەکێک لە پانێلەکان بۆ ''شەهریار نەقشبەندی''   بەرپرسی ڕێکخستنی حیزبی دێموکرات لە ئۆرووپای ناوەندی تەرخان کرابوو.

لەو پانێلەدا، ''نەقشبەندی'' وێڕای پیرۆزبایی لە گەلی کورد بەبۆنەی سەرکەوتنی ئاکامی ڕێفراندۆمی کوردستان، ئاوڕێکی لە مێژووی خەباتی کورد بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی، هەڵوێستی دوژمنکارانەی داگیرکەرانی کوردستان بەرامبەر بە گەلی کورد و ئەرکی حیزب و ڕێکخراوەکانی چوار بەشی کوردستان لەو بارەیەوە دایەوە.

ناوبراو لە پەیوەندی بە هەڵوێستی ڕێژیمە داگیرکەرەکانی کوردستان لە سەر ڕێفراندۆمی کوردستان وتی کۆماری ئیسلامی لە دژایەتیکردنی گەلی کورد ڕۆڵی سەرەکیی گێڕا و بە ڕێگای جۆراوجۆری وەک سازانی نهێنی لەگەڵ حکوومەتەکانی ناوچەکە بۆ دژایەتیی هەرێمی کوردستان، جووڵەپێکردنی تاقمە تێرۆریستییەکانی دەستکردی خۆی لە عێراق دژی هەرێمی کوردستان، بەشداریی ڕاستەوخۆی هێزی تیرۆریستیی سپای پاسداران لە هێرشی حەشدی شەعبی بۆ سەر کوردستان و زۆر کاری دوژمنکارانەی تری دژی گەلی کورد ئەنجام دا.

''شەهریار نەقشبەندی'' لە بەشێکی تری قسەکانیدا وتی: "بەپێی هەموو پێوەرێکی ئینسانی و جاڕنامەی گەردوونی تایبەت بە مافی مڕۆڤ گەلی کوردیش وەک هەموو گەلانی دنیا مافی ئەوەی هەیە کە هەوڵی بە دەستەوەگرتنی چارەنووسی خۆی بدات".

ناوبراو باسی لەوە کرد خەبات لەپێناو ئەو مافەدا مێژوویەکی دوور و پڕ لە خەبات و فیداکاریی هەیە و کۆماری کوردستان کە نزیک بە هەشت دەیە لەمەوپیش بە پێشەوایەتیی شەهید ''پێشەوا قازی محەممەد'' دامەزرا، وەک یەکەم ئەزموونی خواستی نەتەوەیی کورد سەرکەوت و خولیای گەیشتن بە مافەکانی گەلی کوردی لە ناخی هەموو کوردێکی ئازادیخوازدا چاند و دەتوانین سەرکەوتنی ڕێفراندۆمی لە باشوور بۆ سەربەخۆیی لەو چوارچێوەیەدا وێنا بکەین.

نەقشبەندی لە درێژەی قسەکانی باسی لەوە کرد، ئەگەرچی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە باشوور بەڕێوەچوو، بەڵام خەڵکی بەشەکانی تری کوردستانیش بە تێکڕایی پێشوازیان لێ کرد.

لە کۆتاییدا، نەقشبەندی وتی، زەماوەندی ئاڵا لە کوردستانی ڕۆژهەڵات سەرەڕای هەڕەشە و گوڕەشەی کۆماری ئیسلامی کە بە ملیۆن لە خەڵکی ئازادیخواز لە شار و گوندەکان ڕژانە سەر شەقام و بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و وتنەوەی سروودی شۆڕشگێڕی، گۆڤەندیان گێڕا و پشتیوانیی خۆیان بۆ ڕێفراندۆمی کوردستانی باشوور دەربڕی، لە کردەوەدا ڕێفراندۆمێکیش بوو بۆ وتنی "نا" بە ڕێژێمی تۆتالیتەری کۆماری ئیسلامی و هاوکات خستنەڕووی ئاشکرای خواستی خۆیان کە هەمان ئازادی و بەدەستەوەگرتنی مافی چارەی خۆنووسین بە دەستی خۆیانە.