کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێک بۆ ٢٧ـەمین ساڵیادی شەهیدانی میکۆنۆس بەڕێوەچوو

10:55 - 31 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: لە ساڵیادی تێرۆری میکۆنۆسدا، سێمینارێک بۆ شەهیدانی ئەو ڕووداوە تێرۆریستییە  لە وڵاتی نۆروێژدا بەڕێوەچوو.  

ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانان، لە شاری "سترۆممێن"، سێمینارێک بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدی ڕێبەر دوکتور "سادق شەرەفکەندی" و هاوڕێیانی، لە لایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی نۆروێژ، بە کۆڕگێڕیی هەر یەک لە "عەبدوڵڵا حیجاب"، "عیرفان ڕەهنمون" و "مریەم عەلیپوور"، بەڕێوەچوو.

سەرەتای بەرنامەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

لەو سێمینارەدا پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات، لە لایەن "حەسەن ئاهەنگەری"، پێشکەش کرا. هەروەها پەیامی یەکیەتیی لاوان لە لایەن "هەژار ڕۆستەمی" خوێندرایەوە.

پاشان "عیرفان ڕەهنمون" وتارێکی لەسەر کەسایەتیی شەهید دوکتور سادق شەرەفکەندی پێشکەش بە بەشدارانی سێمینار کرد و ئاماژەی بە کاریگەری و ڕۆڵی دوکتور سادق شەرەفکەندی لەسەر حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی گەلی کورد بەگشتی کرد.

دواتر "مریەم عەلیپوور" بە ئاماژەدان بە بەشێک لە وتارەکانی دوکتور سادق شەرەفکەندی، لەو سۆنگەوە بیرفراوانی و پێشکەوتویی دوکتور سادق شەرەفکەندی لەسەر شێوازی پێشکەوتنی کولتووری و سیاسیی کۆمەڵگای خستە ڕوو.

پاشان "سمکۆ بێکەس"، پارچە شێعرێکی پێشکەش کرد.

لە بەشێکی دیکەی ئەو سێمینارەدا، "عەبدوڵڵا حیجاب" بە شیکردنەوەی نامەیەکی دوکتور شەرەفکەندی کە ٤٦ ساڵ لەمەوبەر نووسرابوو، سەرنجی ئامادەبووانی بۆ شێوازی دونیابینیی دوکتور سادق شەرەفکەندی ڕاکێشا و ئاماژەی بە زۆر ئەسڵ و پرەنسیپ و پەیامە گرینگەکانی کرد.

لە کۆتاییدا چەپکە گوڵی ڕێزلێنان بە کۆڕگێڕانی سێمینارەکە پێشکەش کرا.