کوردستان میدیا: بە بۆنەی ٢٩مین ساڵیادی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی سێمینارێک، لە شاری ئالبۆرگی دانمارک بەڕێوە چوو.
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٣ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دانمارک سێمینارێکی بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ پێکهێنا.
ئەو سێمینارە بۆ دوکتور سەعید سوڵتانپوور بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە دانمارک پێکهاتبوو کە ژمارەیەکی بەرچاوی کوردانی دانیشتووی ئەو وڵاتە و نوێنەری حیزب و لایەنەکان بەشدارییان تێدا کرد.
سیمینارەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێز لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.
پاشان دوکتور سەعید سوڵتانپوور وەک کۆڕگێڕ دەستی بە باسەکەی کرد و چەندین لایەنی لە ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی ، دیپڵۆماسی، ڕێبەریکردنی بزووتنەوە و حیزب، بواری زمان ، ئەدەبیات، مێژوو، ڕۆژنامەوانی و زانستیی کەسایەتیی بەرزی دوکتور قاسملووی بە درێژی هێنایە بەرباس .
سوڵتانپوور لە درێژەی باسەکەیدا هەمووی ئەو لایەنانەی ژیان و کەسایەتیی دوکتور قاسملووی مەزنی شی کردەوە و بۆ هەر کامەیان فاکت و بەڵگەی هێنایەوە کە بۆ بەشداران جێگای سەرنج بوون.
"ئەبووبەکر ئیسماعیلی" بەرپرسی لێژنەی ناوچەی پارتی دێموکراتی کوردستان لە ئاڵبۆرگ وێڕای پێشکەشکردنی برووسکەی لێژنەی ناوچە، شێعرێکی تایبەتی بە شەهیدانی ٢٢ی پووشپەڕ کە لە نووسینی خۆی بوو، خوێندەوە.
هەروەها کۆمیتەی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لە دانمارک، یەکیەتییەکانی ژنان و لاوانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە دانمارک بەو بۆنەوە پەیامەکانیان پێشکەش کرد.
دوایین بەشی سیمینار تەرخان کرابوو بۆ پرسیار و تێبێنیی بەشداران کە لەوێشدا ئامادەبووان بە چالاکانە بەشداریان کرد و دواتریش کۆڕگێڕ بە وردی وڵامی پرسیار و تێبینی یەکانی بەشدارانی دایەوە.