کوردستان میدیا: بەبۆنەی ۲٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، سێمینارێک لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە واشنتۆن بەڕێوە چوو.
ڕۆژی یەكشەممە، ٢٤ی سەرماوەز، سێمینارێک لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ۲٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، لە واشنتونی پێتەختی ئامریکا، بەڕێوە چوو.
دەستپێکی بەرنامەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ''ئەی ڕەقیب'' و ڕاگرتنی خوڵەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.
لەم سێمینارەدا ''عومەر ئیلخانیزادە''، سکرتێری کومەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بەشدار بوو کە لەلایەن ''شێرکۆ پوردڵ'' بەرپرسی کۆمیتەوە بەخیرهاتنی لێ کرا.
پاشان پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لەلایەن ''مەحبووبە حوسێنی'' پێشکەش کرا.
پاشان لە پانێلی سێمینارەکەدا، ''عومەر ئیلخانیزادە'' و سەرۆکی دەورەی ناوەندی هاوکاری و '' ئارش ساڵح''، نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئامریکا، بەشدار بوون.
''عومەرئیلخانیزادە'' باسێکی چڕوپڕی لەسەر ئێران و کوردستان و ناوەندی هاوکاری و ڕۆڵ و پێگەی کورد لە هاوکێشە سیاسییەکان و مەبەست لە سەردانەکەی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
دواتر، "ئارش ساڵح" نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئامریکا باسی لەسەر ڕۆڵی پێشمەرگە و ئەو ڕۆڵەی کە ئێستا پێشمەرگە دەتوانێت لە چوارچێوەی نەزمی نێودەوڵەتیدا هەیبێت، کرد.
"ساڵح" وتی، هێزی سەربازیی هەر نەتەوەیەک یەکێک لە گرینگترین دامەزراوەکانی ئەو نەتەوەیەیە، ئەوەندەی کە هێزی سەربازیی هەر نەتەوەیەک ڕێزی هەیە هیچ دامەزراوەیەکی دیکەی ئەو نەتەوە هێندە بایەخی نییە.
هەروەها نوێنەری حیزبی دێموکرات باسی لە ڕۆڵی پێشمەرگە لە پاراستنی کەرامتی تاک و پێگەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد.
بەشی کۆتایی سێمینارەکە بریتی بوو لە پرسیار و وەڵام کە لەلایەن بەڕێوەبەرانی سێمینارکەوە وەڵام درانەوە.