کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێک لە وڵاتی سوئیس لەلایەن "هە.سە.دە" بەڕێوە چوو

13:08 - 20 گەلاوێژ 2721

لەسەر بانگھێشتی فەرمیی ھێزەکانی سووریەی دێموکراتیک (ھەسەدە) و PYD ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٧ی گەلاوێژ کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوئیس بەشداریی لە سێمینارێک کرد کە بۆ "بەدران چیا کورد" جێگری گشتیی "ھەسەدە" پێک ھاتبوو .

لە سەرتای سێمینارەکە "بەدران" بە تێروتەسەلی لەسەر دۆخی ڕۆژاوای کوردستان بۆ ئامادەبووان قسەی کرد.

دواتر "ئەنوەر بەردیا" پرسیاری ئەوەی کرد، ئێستا کە شەڕ دژی داعش کۆتایی پێھاتووە و زلھێزەکان پێویستییەکی ئەوتۆیان بە ھێزی سەربازی نەماوە، ھەسەدە تا چ ڕادەیەک توانیویەتی لە ڕێگای دیپڵوماسی دەستکەوتەکان بۆ گەلی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان مسۆگەر بکات؟

لە وڵامی ئەو پرسیارەدا "بەدران" ئاماژەی بە ڕۆڵی وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەتی تورکیە و ئێران لە سووریەدا کرد کە ڕۆڵێکی کاریگەر و تێکدەرانەیان ھەیە و ڕێگا نادەن سەقامگیری و ئارامی لە سووریە بە گشتی و ڕۆژاوای کوردستان بە تایبەتی دروست ببێت.

ناوبراو باسی لەوە کرد، ئەم دوو وڵاتە بۆ تێکدانی ئەو ناوچە سەربەخۆیە ھەموو جۆرە ئاژاوە و دژایەتییەک بەکار دێنن.

"بەدران" گەشبین بوو کە پاش ھاتنە سەر کاری بایدن سەرکۆماری ئامریکا پشتیوانی و یارمەتیی مرۆیی و لۆجێستیکیی وڵاتانی ئورووپایی و ئامریکا بۆ ڕۆژاوای کوردستان زیادی کردووە کە ئەوەش بە شێوەیەک دانپێدانانە بۆ بەڕێوەبەریی خۆسەریی ڕۆژاوا و باشووری سووریەی دێموکراتیک کە ئەو ھەنگاوانە دەتوانن دەسپێکێک بن بۆ پشتگیریی سەربەخۆیی سیاسی ڕۆژاوای کوردستان لەلایەن ئامریکا و وڵاتانی نێودەوڵەتی.

ھەرلەو پەیوەندیەدا ڕۆژی دووشەممە دەفتەری نۆینەرایەتیی فەرمیی "ھەسەدە" بۆ کاروباری سیاسی و دیپلۆماسی لە شاری ژێنێڤ لە وڵاتی سوئیس بە ئامادەبوونی لایەنە سیاسییەکان و نوێنەری کۆمیتەی سوئیس لە شاری ژێنێڤ "سۆران محەممەدی" دەستی بە کارەکانی خۆی کرد.