کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێک لەژێر ناوی ''كورد لە سایكس پیكۆوە تا ئەمڕۆ" لە نۆروێژ بەڕێوە چوو

11:06 - 5 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: لەسەر دابەشبوونی گەلی کورد بەسەر چوار وڵاتدا و ڕۆڵی شەڕەکانی جیهانی لە دابەشبوونی کوردستان و پیلانی داگیرکەران بۆ ئەوەی کە کورد بە مافەکانی خۆی نەگات، سێمینارێک لە  وڵاتی نۆرویژ بەڕێوە چوو.

ڕۆژی دووشەممە، ٤ی سەرماوەز، بە بەڕێوەبەرایەتیی حیزبی ''کار''ی نۆروێژ لە ناوچەکانی "ئوسلۆ و ئاکشهویس"، هاوکات لەگەڵ "ئینترناشنال فورویم" و بە كۆڕگێڕیی ''مانی حوسەینی'' و ''ئاسۆ''، وەک دوو لاوی چالاکی سیاسیی کورد لەو وڵاتە، لە بنكەی سەرەكیی حیزبی ''كار''ی نۆروێژی لە ئوسلۆ،  سێمینارێک بەڕێوە چوو.

لەم سێمینارەدا لەسەر شەڕەکانی  یەکەم و دووهەمی جیهانی و دابەشبوونی کورد وەک نەتەوە بەسەر ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان داگیر کردووە، باس پێشکەش کرا.

دوو کۆڕگێڕ وێڕای باسکردن لە  دابەشبوونەکان، چوونە سەر باسی ئەوڕۆ و ئەزموونەکانی کورد لە کوردستانی باشوور و ڕۆژئاوا، ویستی کورد بۆ دیالۆگ لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەری، هەوڵەکانی نەوەی نوێی کورد بۆ ئەوەی بتوانێت کێشە هەڵواسراوەکانی پێشوو چارەسەر بکات و لەگەڵ نەوەی نوێی نەتەوەکانی فارس و عەرەب و تورک بتوانێت بە دانوستان کێشەکانی چارەسەر بکات.

لەو سێمینارەدا شیکارییەکی ورد لەسەر داگیرکارییەکانی تورکیە کرا کە بە مەبەستەوە و بە هاوخانی لەگەڵ ئێران، بەتەمایە نەهێڵێت کورد لەو ئەزموونە بەڕێوەبەرییانەی کە هەیەتی، سەرکەوتوو بێت.

هەروەها لەسەر ئەوە باس کرا کە کوردستان خاوەن  کانزا و نەوت و گاز و ئاوێکی زۆرە کە بەو هۆیانەوە وڵاتانی دەوروبەری بە توندترین شێوە ئەم گەلە سەرکوت دەکەن، بۆیە پێویستە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە تیشکی لەسەر بخرێت.

''مەنسوور عەزیزی''، جێگری بەرپرسی بەشی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ، لەو سمینارەدا  لەسەر سیاسەتە دزێوەکان ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە دژی گەیشتنی کوردەکان بە مافە ڕەوا و نەتەوەییەکانی خۆیان لە هەموو ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، باسێکی پێشکەش کرد.