کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێکی تایبەت بە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە وڵاتی فینلاند بەڕێوەچوو

13:26 - 13 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: کومیتەی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی فینلاند، سێمینارێکی تایبەت بە ڕۆژی شەهیدانی کوردستانی بەڕێوە برد.

ڕۆژی شەممە، ١٠ی خاکەلێوە، کومیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی فینلاند، ڕێوڕەسمێکی بەبۆنەی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، بەڕێوە برد.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب‌" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.
دواتر پەیامی کومیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە لایەن "کەریم حەبیبی"، بەرپرسی کومیتەوە پێشکەش کرا.

لە پەیامی کومیتەدا، وێڕای ئاوڕدانەوەیەک لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٦ی هەتاوی‌ و لەسێدارەدانی سەرکۆماری کوردستان، ئاماژە بە ژیان‌، خەبات‌، خزمەت ‌و تایبەتمەندییەکانی "پێشەوا قازی محەممەد" کرا.

لە بەشێکی پەیامەکەی "کەریم حەبیبیـ‌"ـدا هاتووە: "ئەگەرچی شەهیدکرانی پێشەوا قازی محەممەد، سەرکۆماری کوردستان ، خەسارێکی مەزن‌ بۆ نەتەوەکەمان ‌و حیزبەکەمان بوو ، بەڵام ڕاستی ئەوەیە کە، ٧٢ ساڵ پاش ئەو ڕووداوەش، نەتەوەکەمان هەروا لە خەبات‌دایە‌ و کۆڵنەدەرانە له پێناوی وەدەستهێنانی مافە نەتەوەیییەکانی، دژی داگیرکەرانی کوردستان تێدەکۆشێ."

لە کۆتایی پەیامی کومیتەی گشتیی حیزبدا، وێڕای دووپاتکردنەوەی ئەمەگناسی بۆ خەبات‌ و گیانفیدایی "پێشەوا قازی محەممەد" و هاوڕێیانی، لەگەڵ بنەماڵەی ڕووسوور‌ و سەربەرزی شەهیدان‌ و خەڵکی خەباتکاری کوردستان‌ بەڵێنی درێژەدان بە ڕێبازە پیرۆزەکەیان نوێ کرایەوە.

لەو سێمینارەدا چەند حیزب و لایەن و ڕێکخراو پەیامی خۆیان بە بۆنەی ئەو ڕۆژەوە پێشکەش کرد کە بریتین لە:

 یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان

 یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران

فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لە فینلاند

لە بەشێکی دیکەی سێمینارەکەدا، "سدیق بابایی"، چالاکی سیاسی، بەم بۆنەوە باسێکی تێروتەسەلی پێشکەش کرد.

بابایی لە سەرەتای وتەکانیدا، بە ئاماژەکردن بە هەوڵ‌ و خەمخۆری و بەردەوامیی حیزبی دێموکرات بە نیسبەت ڕێزگرتن لە خەبات ‌و گیانفیدایی "پێشەوا قازی محەممەد"‌ و هاوڕێیانی‌ و هەروەها رێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان، هەوڵەکانی حیزبی دێموکراتی لەم پێناوەدا بەرز نرخاند.

ناوبراو لە درێژەی وتەکانیدا، بە باسکردن لە کەسایەتیی بەرزی پێشەوا و بنەماڵەی قازییەکان، ڕۆڵی ئەوانی لە خزمەت بە هاووڵاتییان، لە باری فەرهەنگی، ئایینی‌ و کۆمەڵایەتییەوە، وەک تایبەتمەندیی بەرزی قازییەکان پێناسە کرد، کە هەم هەڵگر و هەم پێداگری ئازادیخوازیش بوون.

بابایی، هەروەها ئاماژەی بە تایبەتمەندییەکی دیکەی پێشەوا کرد کە، لە کاتێکدا کە تەنیا ٢٣ ساڵ تەمەنی بووە، توانیویەتی چەن زمانی بیانی وەک زمانی ئینگلیزی، عەرەبی، فارسی‌، فەرانسەوی ‌و تا ڕادەیەکیش ڕووسی فێر ببێ. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هونەر، لێهاتوویی‌ و ئۆگریی پێشەوا بۆ فێربوون ‌و خۆپێگەیاندن.

هەروەها سدیق بابایی، هەر لەسەر کەسایەتی‌ و خەباتی "پێشەوا قازی محەممەد"، وتی: "ئامانجی "پێشەوا"، یەکگرتوویی میللەتی کورد بوو. لە وەسیەتنامەکەشیدا بە ئاشکرا ئەوە دەردەکەوێ. ئەو خەباتی لە پێناوی ئازادیدا دەکرد."

لە بەشی کۆتایی سێمینارەکەدا، بەشداران پرسیار و تێبینییەکانی خۆیان هێنایە  گۆڕێ ‌و لە لایەن بەڕێز سدیق باباییەوە وەڵامی پرسیارەکان درایەوە.
سێمینارەکە بە سروودی ئەی شەهیدان، کۆتایی پێهات.