کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێکی تایبەت بە ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە فینلاند بەڕێوە چوو

18:26 - 28 سەرماوەز 2721

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٧ی سەرماوەز، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە فینلاند، بەبۆنەی ڕۆژی ئاڵا و ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان سێمینارێکی بە شێوەی ئانلاین پێک هێنا.

سێمینارەکە بە بەشداریی دەیان کەس لە ئەندامانی کۆمیتەی حیزب لە فینلاند‌ و هەروەها بەشداریی ''محەممەدساڵح قادری'' بەرپرسی پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزب بەڕێوە چوو.

سەرەتای سێمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ''ئەی ڕەقیب‌'' و خولەکێک بێدەنگی بە مەبەستی ڕێزگرتن لە خەبات‌ و گیانفیدایی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان ''کەریم حەبیبی''، بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزب بەم بۆنەوە وتەیەکی کورتی پێشکەش کرد.

''کەریم حەبیبی'' وێڕای بەخێرهێنانی بەشداربووانی سێمینارەکە، بە ناوی کۆمیتەی گشتیی حیزبەوە لە فینلاند، پیرۆزبایی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستانی لە بەشداربووان‌، پێشمەرگەکانی کوردستان، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، زیندانییانی سیاسی‌ و تێکڕای خەڵکی کوردستان کرد.

لە بەشێکی دیکەی سێمینارەکەدا، ''محەممەدساڵح قادری''، وێڕای پیرۆزبایی ڕۆژی ئاڵا ‌و ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، بەم بۆنەوە وتارێکی پێشکەش کرد.

ناوبراو سەرەتا لەسەر ئاڵای کوردستان قسەکانی دەست پێ کرد و وتی: "پرسی ئاڵا لەنێو هەموو نەتەوەیەکی خاوەن دەوڵەتدا، ڕەمزی یەکگرتوویی ‌و یەکپارچەیی‌ و ناسنامەی هەموو وڵات ‌و نەتەوەیەکە. بۆ ئێمەش وەک نەتەوەی کورد، ئەگەرچی خاوەنی دەوڵەت ‌و وڵاتی سەربەخۆی خۆمان نین، بەڵام لە هەمان کاتدا، ئاڵای کوردستان ڕەمز و سیمبۆلی نەتەوەکەمانە کە بە خۆشییەوە نەتەنیا لەنێو کوردا، بەڵکوو لە ئاستی دنیادا، ئاڵای کوردستان ناسێنەری نەتەوەی کوردە."

"قادری" لە درێژەی باسەکەیدا ئاوڕی لە مێژووی دروستبوونی ئاڵا و هێمای کورد دایەوە و وتی: "ئاڵای کوردستان مێژوویەکی دورودرێژی هەیە. ئەگەر چاوێک لە مێژوو بکەین، دەبینین کە هەر لە سەردەمی سۆمرییەکانەوە کە داهێنەری خەتی مێخی بوونە، بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەی شارەزایانی مێژوویی، ئەو ڕاستییە پشتڕاست کراوەتەوە کە کورد خاوەنی ئاڵا و هێمای تایبەت بە خۆی بووە، ئەگەرچی ئەو ئاڵا و هێمایانە بە ڕەنگی جیاواز بوون."

هەروەها ناوبراو باسی قوناغە جۆراوجۆرەکانی خەباتی نەتەوەیی ‌و ئەو ئاڵا و هێمایانە کرد کە لە ڕەوتی مێژوودا لەلایەن حیزب‌ و ڕێکخراوە خەباتکارەکانەوە وەکوو ڕەمزی نەتەوەیی دیاری کراون، بۆ نموونە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر ژاندارمریی مەهاباد وەک دوایین بنکەی حکوومەتی حەمەڕەزاشا و دواتریش هەڵکردنی هەمان ئاڵا لەلایەن کۆماری دێموکراتیکی کوردستانەوە و دواتر پەسندکردنی ئەو ئاڵایەش لە ساڵی ٢٠٠٤دا لەلایەن پارلمانی کوردستانی باشوورەوە، وەک بەشێک لە نیشتمانی ڕزگارکراوی کورد کە تا ئێستاکەش لە ئاستی جیهاندا وەک ئاڵای کوردستان ناسراوە.

"محەممەدساڵح قادری" لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، سەبارەت بە ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان بۆ بەشداربووان دوا و مێژووی ئەو ڕۆژەی شی کردەوە و وتی: "لەسەر پێشنیاری دوکتور قاسملوو، ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە نیشانەی ڕێزگرتن لە خەبات، بەرخۆدان‌ و فیداکاریی پێشمەرگە، ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزی وەکوو ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان دیاری کرد."

ناوبراو خەبات‌ و ڕۆڵی پێشمەرگەی لە بزاڤی نەتەوایەتیی کورددا بەرز نرخاند و لە درێژەدا باسی لە زیاتر ناسرانی پێشمەرگە لە کاتی شەڕ لەگەڵ تێرۆریستانی داعش کرد کە پێشمەرگە وەک هێزێکی ئازادیخواز و ڕزگاریدەر بەرانبەر ئەو هێزە جینایەتکارە وەستا و توانی پاشەکشەی پێ بکات.

هەروەها ناوبراو وتی: ''جێگای خۆیەتی کە نەتەوەی کورد جیا لە هەر جۆرە جیاوازییەکی ناوچەیی، فکری و زاراوەیی ‌و... شانازی بە پێشمەرگەوە بکات و ڕێز لە خەبات‌ و گیانفیدایی پێشمەرگە بگرن''.

"قادری" جەختی کردەوە کردەوە کە نابێ لەبیرمان بچێت "حیزب" ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە ئامانجی بەرزی نەتەوەیی‌ و وتی لەم ڕووەوە ئەرکی ڕۆشنبیران‌ و چالاکانە کە جیا لە هەر جۆرە جیاوازییەکی فکری کار بۆ ئەوە بکەن تا ئاڵای کوردستان ‌و ناوی پێشمەرگە، وەکوو دوو سیمبولی نەتەوەیی، ڕێزیان لێ بگیرێت‌ و بپارێزرێن.

پاش وتەکانی محەممەد ساڵح قادری، بەشداربووان پرسیارەکانی خۆیان لە پەیوەندی لەگەڵ ڕۆژی ئاڵا و ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان هێنایە گۆڕێ‌ و لەلایەن قادرییەوە وەڵامیان درایەوە.