کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی لەندەن

11:00 - 4 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەردانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی لەندەن لە وڵاتی ئامریکا  کرد و لەگەڵ ئێلی گۆڵد بەرپرسی ئەو ناوەندە کۆ بووەوە.

ئارش ساڵح، نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران سەردانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی لەندەنی کرد و لەگەڵ ئێلی گۆڵد، بەرپرسی ئەو ناوەندە کۆ بووەوە. لەم چاوپێکەوتنەدا، هەر دوولا سیاسەتی دەرەوەی ئامریکایان بە نیسبەت ئێران و نەتەوە بندەستەکانی ئێران خستە بەرباس و لێکۆڵینەوە.

ئارش ساڵح وتی: کە ئێمە وەکوو کورد و وەکوو هەموو نەتەوە بندەستەکان کە نیوەی ئەو وڵاتە پێک دێنین، بەشێکین لە ئێران و دەبێت بەشێک بین لە چارەسەری داهاتووی ئەو وڵاتە. نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا وتی: کە هەر چارەسەرییەک بۆ داهاتووی ئێران ئەگەر ئەم نەتەوانە و بەتایبەتی کوردی تێدا نەبێت، بەهیچ شێوە نە گۆڕانێک لە ماهیەتی وڵاتەکە و هەڵسوکەوتی بە شێوەی بنەڕەتی گۆڕانکاری دێنێتە ئاراوە، نەش دەتوانێت ببێت بە هۆکارێک بۆ سەقامگیری.

ئارش ساڵح وتی: کە ئێمە پێمان باشە لە چوارچێوەی ئێراندا وەکوو هێزێکی ئێرانی لەگەڵ ئێمە مامەڵە بکرێت و لە داهاتووی ئێراندا سەنگمان بگیردرێتە بەرچاو. ئەو وتی: ئۆپۆزسیۆنێک کە حیزبی دێموکراتی تێدا نەبێت و ئێرانێک کە گەلی کوردی تێیدا بەشدار نەبێت، هیچ کامیان سەرکەوتوو نابن. نوێنەری حیزب لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەم ڕاستییەی کە ئێستا باسم کرد نەک تەنیا لەبەر هۆکاری مافی مرۆڤە بەڵکوو لەبەر ئەوەیە، کە هەر ڕێژیمێک لە داهاتووی ئێراندا بێتە سەرکار ئەگەر نەتەوەکان بەتایبەت کوردی تێدا نەبێت، دیسان بەرەو کۆبوونەوەی دەسەڵات لە ناوەند دەڕوات و ئەو دەسەڵاتە لە درێژخایەندا دەبێتەوە دیکتاتورییەکی دژە عەرەب، دژە ئیسرائیل و دژە ئامریکا.

ئێلی گۆڵد وێڕای ئاماژە بە ڕۆڵی کورد و گرینگی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا وتی: بەداخەوە لێرە لە ئامریکا سیاسەتێکی یەکپارچە بەنیسبەت کوردەوە بەگشتی بوونی نییە و هەر کوردێک لە چوارچێوەی هاوکێشەکانی ئەو وڵاتە دەخوێندرێتەوە، کە تێیدا دەژیت. بەرپرسی ناوەندی لەندەن ئامادەییی خۆی راگەیاند: بۆ درێژەدان بەو چالاکییانە کە لە شاری واشینگتۆن بۆ هوشیارکردنەوەی خەڵک بە نیسبەت کێشەکانی کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوین بەڕێوە دەچن.