کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەركۆماری پێشووی لوبنان: دەستێوەرانەكانی ئێران لە ناوچەدا مەحكووم دەكات

19:40 - 23 بەفرانبار 2715

كوردستان میدیا: میشل سولەیمان، سەركۆماری پێشووی لوبنان هەڵوێستەكانی ڕێژیمی ئێران بە نەرێنی لە قەڵەم دەدات و دەستێوەرانی لە كاروباری وڵاتانی ناوچەدا مەحكووم دەكات.

میشل سولەیمان لە وتووێژێكدا لەگەڵ ماڵپەڕی شەرقولئەوسەت كە ڕۆژی سێ شەممە ١٢ی ژانویە بڵاو بۆتەوە، دەستدرێژیی ئەم دواییانەی بەكرێگیراوانی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر باڵوێزخانە و كۆنسوولخانەی عەرەبستانی سعوودی لە ئێران مەحكووم دەكات و پاڵپشتیی ئەو ڕێژیمە لە حیزبوڵڵای لوبنانیش بە دەستێوەردان لە كاروباری نێوخۆیی لوبنان و هەروەها سووریە دەزانێ.

سەركۆماری پێشووی لوبنان لە وەڵامی پرسیارێكدا لەمەڕ هۆكاری بێلایەنیی لوبنان بەرانبەر بە بەیاننامەی لووتكەی وڵاتانی عەرەبی كە تێیدا دەستدرێژییەكانی ئەم دواییانەی كۆماری ئیسلامیی ئێران شەرمەزار كرابوون، دەڵێ: لوبنان هەڵوێستی بێلایەنیی لەو بڕیارەدا هەڵبژاردووە و هەڵوێستی بێلایەنی نە بە واتای پشتگیری و نە بە واتای دژایەتیكردنە.

لوبنان لە ڕاستیدا دەستدرێژییەكان بۆ سەر نوێنەرایەتییە دیپلۆماتیكەكان لە ئێراندا مەحكووم دەكات... بەڵام ناوهێنانی حیزبوڵڵا وەك ڕێكخراوێكی تیرۆریستی لە بەیاننامەی وڵاتانی عەرەبیدا بوو بە هۆی ئەوەی كە وەزیری دەرەوەی لوبنان وەها هەڵوێستێك بگرێت.

سولەیمان هەروەها وێڕای ئاماژە بە پاڵپشتیی ڕێژیمی ئێران لە حیزبوڵڵا، بوونی ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییەی بە زیانێكی گەورە بۆ سەر لوبنان لە قەڵەم دا و بوونی ئەو ڕێكخراوەی وەكوو هێزێكی میلیشیایی چ لە نێوخۆی لوبنان و چ لە كاروبارەكانی سووریەدا بە كۆسپ و گرفتێكی گەورە لە قەڵەم دا.